یەکگرتوو: دەستپێشخەریی یەکدەنگی کوردمان دایە لایەنەکان و ئەوانیش پێشوازییان لێکرد
رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستپێشخەرییەکی داوەتە ئەو لایەنە کوردستانییانەی کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە دەستهێناوە بۆ ئەوەی لە بەغدا یەکدەنگ بن. گوتەبێژی حیزبەکە دەڵێت: "حیزبەکان پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکە کرد و تاوتوێی دەکەن؛ هەنگاوی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی باڵا دەبێ".
راگەیێندراوەکە چوارشەممە 26ـی 11 بە ناونیشانی "رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا" بڵاوکراوەتەوە و ئاراستەی لیستە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە.
د. سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دوو شاندی مەکتەبی سیاسیمان لە هەولێر و سلێمانی دەستپێشخەرییەکەیان پێشکێشی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ، رەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کردووە".
لەبارەی بۆچوونی لایەنە کوردستانییەکان کە دەسپێشخەرییەکەیان پێدراوە گوتەبێژی یەکگرتوو گوتی: "بابەتەکەیان پێ باشە، هەموویان پێشوازییان لێکردووە و گوتوویانە تاوتوێی دەکەن، ئێمەش چاوەڕوانیان دەکەین بە فەرمی وەڵاممان بدەنەوە".
سەڵاحەدین بابەکر ئاماژەی بە دوای وەڵامی حیزبەکان کرد و گوتی: "ئامانجمانە دوای وەڵامدانەوەی ئەوان هەنگاوی داهاتوو دەستپێبکەین، کە کۆبوونەوەیەک دەبێت لەسەر ئاستێکی باڵا، بەو ئامانجەی هەموومان پێكەوە نەخشەڕێگایەک دابڕێژین بۆ چۆنێتی گفتوگۆکردن لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان و بەرکەوتەکانی هەڵبژاردن".
لە راگەیێندراوەکەی یەکگرتوودا هاتووە، لە روانگەی "بەرپرسیارێتی نیشتمانی؛ هەستیاری و پێویستی قۆناخەکە، لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکان"ـی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەستپێشخەرییەکە لە شەش خاڵدا بڵاو کراوەتەوە.
خاڵەکانی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەمانەن:
یەکەم: ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ چۆنییەتی گفتوگۆکردن و پاراستن و دابینکردنی دەستکەوتەکان و بەدەستهێنانی بەرکەوتەکانی هەڵبژاردن و مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان.
دووەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە پەرلەمانتاران بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەکە، بە سوود وەرگرتن لە پسپۆڕانی یاسایی و بوارەکانی دیکە.
سێیەم: پێکهێنانی چوارچێوەیەکی هاوئاهەنگی بۆ بڕیار وەرگرتن دەربارەی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان.
چوارەم: هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هەرێم[ـی کوردستان] لە چوارچێوەی دەستووری عێراقیدا.
پێنجەم: دیاریکردنی هێڵە سوورەکانی هەرێم[ـی کوردستان] وەکو (مووچە، بودجە، مادەی 140، یاسای نەوت و گاز و پێشمەرگە) و کردنیان بە مەرج بۆ پاڵپشتیکردن و دەنگدان بە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
شەشەم: هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی سەرجەم شایستە داراییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.