هاوڕێیەکی بۆ رووداو: لە 9:00ی بەیانییەوە د. حوسێن رابیی فیزیاناس لە سلێمانی دیارنەماوە
رووداو دیجیتاڵ
هاوڕێیەکی د. حوسێن رابیی فیزیاناس بە رووداوی گوت، "لە کاژێر 9:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، د. حوسێن لە سلێمانی دیارنەماوە، بێ سۆراخە و مۆبایلەکەی داخراوە".
د. حوسێن رابی، مامۆستای بەشی فیزیایە لە زانکۆی سلێمانی، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆچوونی تایبەتی و سیاسیی خۆی بڵاودەکاتەوە، هەروەها هەندێک جار لە میدیاکانەوە وەکو فیزیاناس و شرۆڤەکاری سیاسی دەردەکەوێت.
ئەو هاوڕێیەی د. حوسێن رابی کە نەیویست ناوی بڵاوبکەینەوە، بە رووداوی گوت، "دوایین جار کاژێر 9:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، د. حوسێن پەیوەندی بە سەرۆکی بەشەکەیەوە لە زانکۆی سلێمانی کردووە و گوتوویەتی کە فریای هەموو بەشەوانەکانی ناکەوێت و دەچێت فۆرمی هەژماری من پڕ دەکاتەوە".
بەگوتەی ئەو هاوڕێیەی، د. حوسێن لەو کاتەوە دیار نەماوە و مۆبایلەکەی داخراوە.
د. حوسێن خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵانێکی زۆرە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
بەپێی هەژماری د. حوسێن بێت لە فەیسبووک، ئەو فیزیاناسە جار جار لەگەڵ سەگەکانیدا بۆ پیاسەکردن چووەتە شاخەکانی ئەزمەڕ و گۆیژەی سلێمانی، بەڵام هاوڕێکەی بە رووداوی گوت، چوونەتە ماڵەکەی و سەگەکانی لە ماڵەوەن.
ئێستا هاوڕێ و خزمەکانی بەشوێن د. حوسێن دا دەگەڕێن و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە دیارنەمانی ئاگادارکردووەتەوە.