وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کارەبا: تەواوی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بڕا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتتییەکان و کارەبا لە راگەیێندراوێکی هاوبەش دا دەڵێن، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر تەواوی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بڕا.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، هێرشەکە کاژێر 11:30 خولەک بە درۆن کراوە و تیمەکانی هەردوو وەزارەتەکە لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتەکانی هێرشەکە.
ئەمشەو هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ئاگرێکی گەورە لە کێڵگەکە بەرز دەبێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند، ئێڵپیجی پلانت بۆردوومان کراوە و زیانی گیانی نەبووە.
شایەتحاڵێک لە نزیک کێڵگەکە بە رووداوی راگەیاند، "پێش هێرشەکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێی دا و کێڵەگەکە چۆڵکرا. هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا لە کۆگەیەکی داوە".
بەگوێرەی پەیامنێری رووداو، کۆگەکانی کێڵگەکە سووتاون و رێگریی لە فراوانبوونی ئاگرەکە کراوە. کۆمپانیاکان کارمەندەکانیان بەسەردەکەنەوە.
کێڵگەکە سەرچاوەیەکەی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە رووداوی راگەیاند، 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکوژێتەوە.