بەرێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ: چاوەڕێی هاتنی 40 هەزار گەشتیار دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگی سەری ساڵ لە زاخۆ دەستیپێکردووە و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆش دەڵێت، ئاهەنگەکە "بە بەشداری هونەرمەندانی هەموو پارێزگاکانی کوردستان بەردەوام دەبێت."
رۆژی دووشەممە 26-12-2022، چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ میوانی بوولتەنی نیڤرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "بڕیارماندا لە 25-12-2022 تاوەکو سەری ساڵ ئاهەنگ بگێڕین. شەقامەکانمان رازاندووەتەوە کە ئەمەش بۆ پێشاندانی ئەو کولتووری بەیەکەوەژیانەیە کە لە هەرێمی کوردستان و زاخۆ هەیە."
چیا ئەمین دەڵێت: "بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، دەمانەوێ لەمەودوا زیاتر گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار بدەین و بۆ ساڵی داهاتوو بەدەر لە گەشتیارانی نێوخۆیی و عێراقی، بەهۆی نزیکیمانەوە لە تورکیا، دەمانەوێ سەرنجی گەشتیارانی بیانیش بۆ زاخۆ رابکێشین."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ گوتی: "ئاهەنگەکان لە پردی دەلالی زاخۆ بە بەشداری هونەرمەندانی هەموو پارێزگاکانی کوردستان بەڕێوەدەچن و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەبێ بەرامبەر بەشدارییان تێدا بکەن؛ بازاڕێکی بەرهەمە خۆماڵییەکانی زاخۆشمان کردووەتەوە."
لەبارەی کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لەسەر کەرتی گەشتوگوزار لە سنووری زاخۆ، چیا ئەمین رایگەیاند: "ئەو شەڕە کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری لەسەر کەرتی گەشتوگوزاری ناوچەکەمان هەبووە. چاوەڕێمان دەکرد ئەمساڵ زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆ بکەن، بەڵام بۆردوومانەکەی سەیرانگای پەرخ وایکرد ئەو ژمارەیە دابەزێت بۆ 150 هەزار گەشتیار."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ گوتی: "ئەمساڵ 12 ملیار دینار بۆ پرۆژەی گەشتیاری لە دەوروبەری رووباری خابوور تەرخانکراوە و ئەوەش دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ ئەوەی زاخۆ بکەینە شارێکی گەشتیاریی سەردەمییانە."
چیا ئەمین گوتیشی: "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ هاتنی گەشتیارانی سەری ساڵ. زاخۆ هۆتێلی باشی هەیە بۆ حەواندنەوەی گەشتیاران. پێشبینی دەکەین بۆ پشووەکانی سەری ساڵ زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆ بکەن."