خوێندنی باڵا ژمارەیەک خوێندکار لە هەرێمی کوردستان ناچار دەکات بچنە عێراق بخوێنن، ئەوانیش رەتیدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لەو خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە ناویان لە زانکۆکانی عێراق گەڕاوەتەوە، تووشی شۆک بوون بەوەی فەرمانی وەرگرتنیان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە؛ ئەوان داوا دەکەن ناچار نەکرێن بچنە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست.
بەشێک لە خوێندکارانی پۆلی دوازدە کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیرابوون، فۆرمی تایبەت بەو 400 کورسییەیان پڕکردەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستانی تەرخان کردبوو. ئێستا دوای دەرچوونی ناوەکانیان، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت دەبێت بچن، بەڵام خوێندکاران رەتیدەکەنەوە.
تاڵب عەلی، باوکی خوێندکارێک بەناوی چرۆ، کە ئێستا لە قۆناخی یەکەمی کۆلێژی پزیشکیی گشتیی زانکۆی گەرمیان دەخوێنێت، بە رادیۆی رووداوی گوت: "کچەکەم فۆرمی پڕکردەوە بە ئومێدی ئەوەی لە کەرکووک وەربگیرێت، چونکە نزیکە، بەڵام ئێستا ناوی لە بەسرە هاتووەتەوە و پێیانگوتووە لێرە (گەرمیان) ناوت سڕاوەتەوە."
باوکی چرۆ دەڵێت: "نە دەتوانین بینێرین بۆ بەسرە و نە پێمان دەکرێت؛ نزیکەی دوو مانگە لە زانکۆی گەرمیان دەخوێنێت، بۆیە داوا دەکەین پرۆسەکە بکرێتە ئارەزوومەندانە."
چرۆ تاڵب، خۆی لەمبارەیەوە گوتی: "پرسیارمان لە مامۆستاکانمان کردبوو ئایا ئەگەر فۆرمەکە پڕبکەینەوە کێشەمان بۆ دروست نابێت، گوتیان نەخێر، ئەگەر بەدڵتان نەبوو وازی لێبهێنن، بەڵام ئێستا پێمان دەڵێن ئێوە لەوێ کورسیتان بۆ تەرخانکراوە و دەبێت بچن."
جومعە فاتیح، باوکی خوێندکارێکی دیکەیە و دەڵێت: "کچەکەم لە روومادی ناوی گەڕاوەتەوە، ئێستا دەڵێن ناتوانیت میوانداری و گواستنەوەشی بۆ بکەیت." پرسیار دەکات: "ئەگەر دەستبەکاربوونیان نەکردووە، چۆن ناچاریان دەکەن و لە خوێندنەکەیان دایاندەبڕن؟"
د. ئاراس فەریق زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئەمە لێکتێگەیشتنێکە لەنێوان هەردوو وەزارەت؛ ئەو خوێندکارانە بە ئارەزوومەندانە فۆرمیان پڕکردووەتەوە و دیارە زانکۆی گەرمیانیان بە دڵ نەبووە."
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان جەختی کردەوە، کە بەپێی نووسراوی وەزارەت، فەرمانی وەرگرتنی ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە، چونکە کورسییان بۆ تەرخان ناکرێت کاتێک لە شوێنێکی دیکە وەرگیراون.
لای خۆیەوە، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەو خوێندکارانە بە ئارەزوومەندانە و خۆیان داواکارییان پێشکەش کردووە و بەرپرسن، بۆیە ئەو کورسییەی زانکۆکانی عێراقیان بۆ هەژمار دەکرێت و دەبێت بڕۆن."
لە ئەیلوولی 2025، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتن لەسەر تەرخانکردنی 400 کورسی بۆ دەرچووانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق (100 پزیشکی، 100 ئەندازیاری، 100 بەشە مرۆییەکان و 100 پەیمانگە).