کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی: شەش هەزار حەوزی ماسی لە عێراق و کەرکووک تێکدراون

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی ماسیدا لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی هەیە. دەشڵێت، لە پێنج هەزار پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی، 450ـیان مۆڵەتیان هەیە.
 
ئەمڕۆ هەینی 26-12-2025، سەڵاح مەجید، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی تێکدانی حەوزی ماسی لە سنووری لەیلان و داقووقی کەرکووک و زیانی حەوزەکانی ماسی بەهۆی لافاوەوە لە تەقتەق.
 
سەڵاح مەجید ئاماژەی بەوە کرد، تێکدانی حەوزەکانی ماسی لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق و کەرکووک، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرهەمی سامانی ماسی دەبێ لە تەواوی عێراق، ''بەڵام بەخۆشییەوە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق لە بەرهەمهێنانی ماسیدا پلەی یەکەمی هەیە.''
 
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی، حەوزەکانی هەرێمی کوردستان ماسی بۆ سەرانسەری عێراق دابین دەکەن، ''زیاتر لە پێنج هەزار پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسیمان هەیە، بۆیە دەتوانین بەرهەمەکە بۆ تەواوی عێراق بنێرین.''
 
لە کەرکووک هەڵمەتێکی فراوان بۆ تێکدانی حەوزەکانی ماسی دەستیپێکردووە و رۆژانە نزیکەی 30 حەوز لە لەیلان و داقووق تێکدەدرێن. سەڵاح مەجید دەڵێ، رووخاندنی حەوزەکان بە بڕیاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقە و ''ئەو حەوزانەی کە گڵن، رووبەرەکانیان فراوانە و بەگوتەی خۆیان، ئاوی زۆریان پێویستە و دەبنە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو، بۆیە دەڕووخێندرێن.''
 
وەک سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی گوتی، لە بری حەوزە گڵەکان پێشنیاز کراوە حەوزی ''داخراو'' دروست بکرێن کە ئاوی کەمیان پێویستە، ژمارەیەکی زۆر ماسی لەخۆدەگرن و ئاو تێیاندا دەسووڕێتەوە.
 
سەڵاح مەجید داوا دەکات، ئەو کەسانەی بەنیازن پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن، حەوزەکانیان داخراو بێ، ''ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین کە سیستمی نوێی بەخێوکردنی ماسی و حەوزە داخراوەکان لە کوردستان گەشە بکات، چونکە ئەو سیستمە بڕێکی کەم ئاو و رووبەرێکی کەم زەوی پێویستە.''
 
وەک سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی ئاماژەی دا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش هەزار حەوزی ماسی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی عێراق بە مەبەستی پەرەپێدانی سیستمی نوێی بەخێوکردنی ماسی، تێکدراون.
 
''450 حەوزی ماسی مۆڵەتیان هەیە''
 
سەڵاح مەجید ئاماری تایبەت بە ژمارەی حەوزەکانی ماسی خستەڕوو و گوتی، ''زیاتر لە پێنج هەزار حەوزمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە تاوەکو ئێستا 450ـیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئەوانەی دیکە بێ مۆڵەتن.
 
 قەزای تەقتەق لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، زۆرترین حەوزی ماسیی تێدایە، کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەکەی 9ـی کانوونی یەکەم، زۆربەیان زیانیان بەرکەوت. 
 
زۆربەی حەوزەکان لەسەر لێواری زێی بچووک دروستکراون و هەر حەوزێک سێ تاوەکو 10 هەزار ماسی تێدابووە. سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی ئاماژەی بەوە کرد، ''بەگشتی لەسەر زێی بچووک زیاتر لە سێ هەزار حەوزی ماسی هەن، کە بەهۆی لافاوەکەوە، نزیکەی 400 حەوز لە سنووری تەقتەق زیانیان بەرکەوتووە.''
 
بەگوتەی سەڵاح مەجید، زیانی حەوزەکان کاریگەریی لەسەر بەرهەمی ماسیی ساڵی 2026 دەبێت، ''چونکە زۆربەی ئەو پەنجە ماسییانەی بۆ ساڵی داهاتوو دانرابوون، لەنێوچوون.''
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ، ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 80,000 تۆن ماسییە، زۆرینەی بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوەشی دەمێنێتەوە، بە شێوەی زیندوو و بەستوو ھاوردە دەکرێت.