دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئەم ساڵ 41.7 ملیار دینارمان لە 161 پڕۆژەدا خەرجکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، لە ساڵی 2025ـدا 161 پڕۆژە و چالاکییان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سووریا کردووە، کە تێچووەکەیان زیاتر لە 41 ملیار و 700 ملیۆن دینار بووە.
ئەمڕۆ هەینی، 26-12-2025، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، ئاماری کار و چالاکییەکانی دەزگاکەی بۆ میدیاکان خستەڕوو.
موسا ئەحمەد رایگەیاند، چالاکییەکانی ئەمساڵیان لە 10 سێکتەری جیاوازدا بووە و جگە لە هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی عێراق و رۆژئاوای کوردستانیشی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگاکە، لە ماوەی ئەم ساڵدا 106 هەزار و 313 کارتۆن خۆراک بەسەر خەڵکدا دابەشکراوە. هاوکات، زیاتر لە 50 هەزار و 292 ژەمی خواردنی گەرم دابەشکراوە، کە بەشێکی زۆری تایبەت بووە بە مانگی رەمەزان.
لە کەرتی پەروەردە و ئاییندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی 32 قوتابخانەی نۆژەنکردووەتەوە و لە رێگەی وزەی خۆرەوە کارەبای بۆ دابینکردوون. هەروەها لەسەر ئەرکی دەزگاکە 95 مزگەوت فەڕش کراون.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشکرای کرد، چوار ملیار و 196 ملیۆن دیناریان بۆ سێکتەری تەندروستی و کۆمەڵایەتی تەرخان کردووە، کە بوارەکانی (خاوەن پێداویستیی تایبەت، نەخۆشییە زکماکییەکان، تەندروستیی دەروونی، هۆشیارکردنەوە و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر)ـی گرتووەتەوە.
سەرچاوەی پارەکە لەکوێ بووە؟
بەگوتەی موسا ئەحمەد، کۆی ئەو پارەیەی لە پڕۆژەکاندا خەرجکراوە، بریتییە لە 41 ملیار و 702 ملیۆن و 286 هەزار دینار، کە سەرچاوەی دابینکردنیان بەم شێوەیە دابەش بووە:
٪34.4: بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکە دابینکراوە.
٪32.2: لەسەر ئەرکی خێرخوازان و سپۆنسەرەکان بووە.
٪26.5: لەسەر ئەرکی خودی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە.
٪6.9: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو رێکخراو و خێرخوازانە بووە کە لە کەمپی ئاوارەکاندا کار دەکەن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی ناحکومی و قازانج نەویستە، ساڵی 2005 لە هەولێر دامەزراوە و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاکەیە.