بەڵگەفیلمی ژیان بەخشین؛ ئەندامێکی جەستە دەبێتە چرایەک بۆ ژیانێکی دیکە


رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان، لەنێو ململانێی سەختی ژیان و مردندا، بەخشینی ئەندامانی جەستە وەکو تەنیا هیوایەک بۆ زۆرێک لەوانەی گیرۆدەی نەخشییەکی سەخت بوون، دەمێنێتەوە. هەزاران نەخۆش لە چاوەڕوانیی دەستێکی بەخشندەدان تاوەکو لە ئامێرە پزیشکییەکان رزگاریان بکات. 
 
بەڵگەفیلمی "ژیان بەخشین" چیرۆکە پڕ لە ئازار و ئومێدەکانی ئەو جیهانە دەگێڕێتەوە و، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی یاسایی و ئایینی و مرۆیی ئەو کارە.
 
چیرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشان لە کوردستان، هەرچەندە لە ساڵی 2013 بە فەرمی دەستیپێکرد، بەڵام رەگ و ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئازارێکی قووڵی فەرهاد قادر، سەرۆکی رێکخراوەکە. 
 
فەرهاد، کە تەمەنێکی لەگەڵ ئازاری نەخۆشانی تالاسیمیادا بەڕێکردووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا خوشکێکی تەنیا لەبەر دەستنەکەوتنی خوێن، لەدەست دا. ئەو رووداوە تراژیدییە وای لە فەرهاد کرد بڕیار بدات نەک هەر خۆی ببێتە بەخشەر، بەڵکو رێکخراوێک دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی چیتر مرۆڤەکان بەهۆی نەبوونی ئەندامی جەستە و خوێنەوە گیان لەدەست نەدەن.
 
بەڵگەفیلمی ژیان بەخشین، بە وردی جیاوازیی نێوان بەخشینی مرۆیی و بازرگانیکردن بە جەستە رووندەکاتەوە. مامۆستا عەتا محەممەد، وەکو زانایەکی ئایینی، ئاماژە بە ئایەتێکی پیرۆزی قورئان دەکات و دەڵێت "هەر کەسێک ژیانێک ببووژێنێتەوە، وەکو ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتیی بووژاندبێتەوە". ئایین رێگە بە بەخشین دەدات، بەو مەرجەی رێز لە جەستەی مرۆڤ بگیرێت و ژیانی بەخشەر نەخرێتە مەترسییەوە.
 
لە رووی یاساییشەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018دا یاسای ژمارە 6ی پەسند کردووە. ئاریان رەشید، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان، روونیدەکاتەوە کە سزا بۆ بازرگانانی جەستە زۆر تووندە و دەگاتە زیندانیکردنی هەتاهەتایی. یاساکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر جۆرە کڕین و فرۆشتنێک بە ئەندامانی جەستەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی مرۆیی، تاوانێکی گەورەیە.
 
پەیام حەسەن، کچێکی تەمەن 27 ساڵانی خەڵکی کەلار، بووەتە سیمبولی ئازارەکانی بەڵگەفیلمەکە. ئەو بەدەست نەخۆشییەکی زگماکیی دڵ و سییەکانەوە دەیناڵاند و، 10 ساڵی کۆتایی تەمەنی بە ئامێری ئۆکسجینەوە بەڕێکرد. باوکی پەیام، بە خەمێکی قووڵەوە دەڵێت، "باوکانی دیکە مۆبایل بۆ کچەکانیان دەکڕن، کەچی من دەمویست دڵ و سییەک بۆ کچەکەم بدۆزمەوە".
 
پەیام، لە غەریبی و لە وڵاتی هیندستان، لە کاتێکدا چاوەڕێی چاندنی ئەندامی جەستە بوو، 75 تابلۆی کێشا. هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو ببێتە پزیشک و ژیانی خەڵکی رزگار بکات، بەڵام بەداخەوە، پێش ئەوەی بە ئاواتەکەی بگات و پێش ئەوەی سەنتەرێکی پێشکەوتوو لە کوردستان بۆ چارەسەرەکەی بکرێتەوە، کۆچی دواییکرد.
 
پسپۆڕانی پزیشکی، وەکو دکتۆر بنار سەردار و دکتۆر شاخەوان محەممەد، جەخت لەوە دەکەنەوە کە چاندنی گورچیلە ژیانێکی نوێ بە نەخۆش دەبەخشێت و شۆردنەوەی گورچیلە تەنیا کات بەڕێکردنە.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی فەرهاد قادر، سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشان لە کوردستان باسیان دەکات، تەنیا لە سلێمانی مانگانە نزیکەی هەزار نەشتەرگەریی شۆردنەوەی گورچیلە دەکرێت، کە تێچوویەکی زۆری لەسەر حکومەت هەیە (نزیکەی 300 هەزار دۆلار مانگانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان). 
 
دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چاندنی ئەندامانی جەستە، نەک تەنیا بارگرانیی دارایی لەسەر حکومەت و هاونیشتمانییان کەمدەکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت مانگانە دەیان کەس لە مردن رزگار بکات، بەتایبەتی ئەو کەسانەی تووشی مردنی مێشک دەبن و دەکرێت ئەندامەکانیان ببەخشرێت.
 
چیرۆکێکی دیکەی بەڵگەفیلمەکە باسی بەرهەم محەممەد دەکات، کە یەکێکە لە وەرگرانی گورچیلە. دوای ئەوەی لە بەخشەرە دەرەکییەکان نائومێد دەبێت و چەند کەسێک لە بڕیاری بەخشینی گورچیلە پەشیمان دەبنەوە، براکەی دێتە پێش و بێبەرامبەر گورچیلەیەکی خۆی پێدەبەخشێت. بەرهەم دەڵێت، "ئەم ژیانەی ئێستا هەمە، قەرزاری ئازایەتی و دڵسۆزیی براکەمم".
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە کوردستان فۆڕمی جەستەبەخشییان وەرگرتووە و، 1230 کەس بە فەرمی بوونەتە ئەندام.
 
پەیامی کۆتایی بەڵگەفیلمەکە و رێکخراوەکە روون و سادەیە: "بەخشینی ئەندام، بەردەوامیی ژیانە". فەرهاد قادر، داوا لە هاونیشتمانییان دەکات دوودڵ نەبن لە بەخشین و دەڵێت: "پێت خۆش بێت ترپەی دڵی ئازیزێکت لە سنگى کەسێکی دیکەدا ببیستیتەوە، ئەو کات هەست دەکەیت ئەو هێشتا لە ژیاندایە".