سوودانی: بەهۆی زیادبوونی خەرجی و جێگیریی داهاتەوە کورتهێنانی دارایی دروست دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، لە ئەنجامی زیادبوونی خەرجی و جێگیریی داهاتەوە کورتهێنانی دارایی دروست دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "نابێت عێراق گرەو تەنیا لەسەر نەوت بکات".
 
ئەو گوتانەی محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ کەسایەتیی هۆزەکانی سنووری قەزای دوجەیل لە پارێزگای سەلاحەدین کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2025 ئەنجامیدا.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "پێویستمان بە چاوخشاندنەوەیە بە دۆخی ئابووریمان، بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی زیادبوونی خەرجی و جێگیریی داهاتەوە کورتهێنانی دارایی دروست دەبێت".
 
محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند: "دەکرێ لەڕێگەی چاکسازییەوە ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنین و نابێت عێراق تەنیا گرەو لەسەر نەوت بکات".
 
لە نۆ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ داهاتی عێراق 91.8 تریلیۆن دینار بووە کە 81.7 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی بووە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، گرنگە کەرتەکانی دیکەی ئابووری بەگەڕبخرێن بۆ زیادکردنی داهات و دەڵێت: "دۆخێکی قورسمان هەیە کە چوار دەیەیە سامانەکانی کەم کردووەتەوە".