لە رێگەی دەروازەی کێلێ ئۆتۆمبێلێک هەڵدێرا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە نزیک دەروازەی سنووریی کێلێ لە ئیدارەی راپەڕین، ئۆتۆمبێلێک بەهۆی خێراییەوە کۆنترۆڵی لەدەستدا و هەڵدێرا، بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 7 سەرنشینی دیکەش بریندار بوون.
 
‎عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەمی 2025 روویداوە.
 
‎سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین ئاشکرای کرد، ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی خێرایی زیادەوە لە رێڕەوی خۆی لایداوە و هەڵدێراوە.
 
‎لە ئەنجامی رووداوەکەدا، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و هاوژینەکەی گیانیان لەدەستداوە و 7 سەرنشینی دیکەش بریندار بوون. 
 
‎بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، چوار لە بریندارەکان، رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.