هەڵمەتێکی گەورە لە کەرکووک دەستیپێکردووە و رۆژانە 30 حەوزی ماسی دەڕووخێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە سنوورەکانی لەیلان، داقووق و حەفتەغار، هەڵمەتێکی فراوانی رووخاندنی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی دەستیپێکردووە. رۆژانە 25 بۆ 30 حەوز تێکدەدرێن، خەڵک هەوڵی رزگارکردنی ماسییەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی زیانەکانیان دەدەن.
ئەرکان عەلی بابا، خاوەن حەوزی بەخێوکردنی ماسی دەڵێت، "بەخوا کێشەکە ئاو نییە، دەیانەوێت تەنیا ماسیی ئێرانی بێت، ماسیی ئێرانیش لە باشماخ و هەموو سنوورەکانی عێراقەوە دێنە ژوورەوە و هیچ رێگرییەکیان نییە و کەس ناڵێت قەدەخەیە و تەنیا بۆ ماسیی ئێمە دەڵێن قەدەخەیە، ئێستا ئەم هەڵمەتە دەستی پێکردووە دەگەن بە هەر حەوزێک دەیڕووخێنن و لەگەڵیدا بیرەکانیش لەناو دەبەن".
بەختیار نەجات، خاوەن حەوزی ماسی گوتی، "تۆ ئەم حەوزانە دەڕووخێنیت ناپرسن ئەم خەڵکە ئیشوکاریان چییە و چۆن ژیان بەڕێدەکەن؟ ئەمڕۆ هەموو شتێک گران بووە و خەڵک بژێویی قورس بووە و ژیانیان لەسەر ئەم حەوزانەیە، دواتر ئەم حەوزانە چ زیانێکیان بۆ خەڵک هەیە، ماسی لێرە کیلۆ پێنج هەزارە، ماسیی ئێرانی بە 10 هەزاریش ناگاتە ئێرە".
هەر حەوزێک زیاتر لە پێنج هەزار ماسی تێدایە و بەشێکی زۆر ماسییەکان هێشتا بچووکن و رزگارکردنیان زەحمەتە.
هەڤاڵ مەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو باسی لەوە کرد، "ئەم حەوزانە زێدەڕۆن، ئەگەر خەڵک بیەوێت کاربکات دەتوانن حەوزی داخراو دروستبکەن کە ئاو لەنێو خۆیدا دەخولێتەوە، دەتوانین مۆڵەت بەو جۆرە حەوزانە بدەین، جگە لەوە پێدانی مۆڵەت بە هیچ حەوزێکی قوڕ نادرێت".
لە شارەدێی لەیلان 92 حەوز و لە داقووق و سنوورەکەیش زیاتر لە 400 حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەن، بڕیارە تاوەکو مانگی داهاتوو هیچ حەوزێکی ماسی لە سنووری کەرکووک نەمینێت.