پارێزگاری ورمێ: کار بۆ کردنەوەی دەروازەی کێلەشین دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ لە شاری شنۆوە رایگەیاند، پلانیان هەیە دەروازەی سنووریی کێلەشین لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەنەوە و بۆ باشترکردنی بژێوی خەڵکیش، رێوشوێنی "کۆڵبەری" لە سنوورەکە جێبەجێ دەکەن.
رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە لە سەردانێکدا بۆ شاری شنۆ و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی کارگێڕیی شارەکە، رایگەیاند: کاراکردنی سنوورەکان و پەرەپێدانی بازرگانیی سنووری بە یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکەکانی گەشەسەندنی پارێزگاکە دادەنرێت.
پارێزگاری ورمێ سەبارەت بە داواکاریی خەڵکی ناوچەکە گوتی: "کار بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین دەکرێت. هەوڵدەدەین بە دابینکردنی ژێرخانی پێویست و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێوشوێنی کۆڵبەری لە سنوورەکە بگیرێتەبەر، ئەوەش بۆ باشتربوونی دۆخی بژێوی خەڵک و گەشەسەندنی ئابووریی ناوچەکە."
بە بڕوای رەحمانی، دەروازە سنوورییەکان بزوێنەری سەرەکیی گەشەی ئابووریی ناوچە سنوورییەکانن، بۆیە پلانیان داناوە لە رێگەی دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی، بازاڕە سنوورییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی لۆجیستی، هەلی کار لە ناوچەکە بڕەخسێنن.
پارێزگاری ورمێ ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای "رێکخستنی کۆڵبەری" یان بازرگانیی سنووری، بڕی 450 ملیۆن دۆلار وەکو پشکی پارێزگاکە دیاریکراوە.
رەزا رەحمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا سێ ناوچەی (سەردەشت، میراوا و پیرانشار) لە سنووری پارێزگای ورمێ بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەستنیشان کراون.
عەبدولسەلام مام عەزیزی، قایمقامی شاری شنۆ لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین یەکێکە لە داواکارییە جیدی و دێرینەکانی خەڵکی شنۆ، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."
قایمقامی شنۆ باسی لەوەشکرد، شارەکەیان لەڕووی ژێرخانی ئابوورییەوە لە دۆخێکی باشدایە و دەتوانێت وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت.
ناوچەی کێلەشین دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری شنۆ و هاوسنوورە لەگەڵ قەزای سیدەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هەرێمی کوردستان.
ئەگەر ئەم دەروازەیە بکرێتەوە، دەبێتە دەروازەیەکی دیکەی فەرمی یان نیمچە فەرمی لەنێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. ئێستا پارێزگای ورمێ دوو دەروازەی سنووریی فەرمیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئەوانیش دەروازەی حاجی ئۆمەران (پیرانشار) و دەروازەی کێلێ (سەردەشت)ـن.