رێگه به پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان نه‌درا سه‌ردانی ئیمرالی بكه‌ن
رووداو - ئه‌نقه‌ره
به بیانووی تێكچوونی یه‌ختی گواستنه‌وه بۆ دوورگه‌ی ئیمرالی، داواكاریی گشتیی كۆماری له شاری بۆرسا، رێگه‌یان به پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان نه‌دا سه‌ردانی ناوبراو بكەن لە گرتووخانه‌ی دوورگه‌ی ئیمرالی.
رێزان ساریجه، فایق ئۆزگور ئه‌رۆل و سه‌ربای كۆكلو، پارێزه‌رانی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری 17 ساڵ زیندانیکراوی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK رایانگه‌یاند، رێكاری یاساییان بۆ سه‌ردانیكردنی ئۆجه‌لان گرتبووه‌به‌ر، به‌ڵام داواكاری گشتیی كۆماری له شاری بۆرسا به بیانووی تێكچوونی یه‌ختی گواستنه‌وه بۆ دوورگه‌ی ئیمرالی رێگه‌یان پێنه‌دان و داواكه‌یان ره‌تكرده‌وه.
پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان كه هاوكات ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی پارێزه‌رانی ئازادن، له راگه‌یه‌ندراوێكیاندا ئاشكرایان كرد، رۆژی دووشه‌ممه 25-1-2016 به‌پێی رێكاره یاساییه‌كان داوایه‌كیان ئاراسته‌ی داواكاریی گشتیی شاری بۆرسا كردووه بۆ بینین و ئه‌نجامدانی دیدار له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، به‌ڵام داواكه‌یان ره‌تكرایه‌وه.
هاوكات چه‌ند پارێزه‌رێكی دیكه‌ش داوای بینینی گرتووه‌كانیان له هه‌مان گرتووخانه‌ی دورگه‌ی ئیمرالی كردبوو، به‌هه‌مان هۆكار و بیانووه‌وه داواكارییه‌كه‌ی ئەوانیش ره‌تكراوه‌ته‌وه.
دوایینجار پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان رۆژی 27-7-2011 دیداریان له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سازكردووه‌و دوای ئه‌و رێککەوتە رێگه‌یان پێنه‌دراوه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دیدار لەگەڵ ئۆجه‌لان ئه‌نجام بده‌ن.