وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا 15 پۆست له‌ زانكۆی پۆلەتەکنیکی دهۆک راده‌گه‌یێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى 15 پۆستی لە زانكۆی پۆلەتەکنیکی دهۆک راگەیاند و گوتەبێژی وەزارەتیش دەڵێ: "هەرکەسێک مەرجەکانی تێدایە، با سیڤی بنێرێت".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-01-2022 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى رێنماییەکاندا 15 پۆست رادەگەیێنێت. عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە رووداوی گوت: "ئەوە یەکەمجارە ئەو پۆستانە رادەگەیێندرێت، هەر کەسێک ئارەزووى هەیە و مەرجەکانى تێدایە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا (c.v) پێشکێش بکات."
 
پۆستەکان ئەمانەن:
1- یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان
2- یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا
3- یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی
4- راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری
5- راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕیی دهۆک
6- راگری پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕیی ئاکرێ
7- راگری کۆلێژی تەکنیکی ئاکرێ
8- راگری پەیمانگای تەکنیکی بەردەڕەش
9- راگری پەیمانگای تەکنیکی دهۆک
10- راگری پەیمانگای تەکنیکی شێخان
11- راگری پەیمانگای تەکنیکی ئامێدی
12- راگری پەیمانگای تەکنیکی زاخۆ
13- راگری پەیمانگای تەکنیکی شنگال
14- راگری پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕیی دهۆک
15- بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوە
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە راگەیێندراوێکدا مەرجەکانی بۆ پێشکێشکردنی سیڤی بۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، راگری کۆلێژ و بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوە ئاشکراکردووە، ئەمەش مەرجەکانە:-
1- بڕوانامەی دکتۆرای هەبێت.
2- ناونیشانی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر کەمتر نەبێ.
3- خزمەتی زانکۆیی لە 10 ساڵ کەمتر نەبێ.
 
مەرجەکان بۆ پۆستى راگری پەیمانگا: 
1- بڕوانامەی لە ماستەر کەمتر نەبێت بە پلەی مامۆستا.
2- خزمەتی زانکۆیی لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا زیاتر هاتووە: "ئەو کەسەی داواکاری پێشکێش دەکات، باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکێش بکات بۆ بەرەو پێشبردنى زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگە بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکە وەردەگرێت، زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى کۆمپیوتەر هەلى زیاتر بۆ پیشکێشکار دەڕەخسێنیت. هەروەها  ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ پێشکێشکردنى (c.v) و پوختەى راژە، کۆتایی دەوامى رێککەوتى 03-02-2022 رۆژی پێنجشەممە دەبێت".
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لە پوختەى راژەدا خزمەتی زانکۆیی بنووسرێت و پەسندکراوى سەرۆکایەتی زانکۆ بێت.
 
لینکی پڕکردنەوە و ناردنی سیڤی