سەرۆکی یەکێتیی زانایان: هیچ فەتوایەکمان لەبارەی مووچەوە نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆیەکی لەو جۆرە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، فەتوایەکی دەرکردووە و گوتوویەتی، "ئەگەر حكومەتی هەرێمی کوردستان توانای پێدانی مووچەی مانگانەی نەبێت، ئەوا دەبێت فەرمانبەران خۆڕاگر بن". سەرۆکی یەکێتیی زانایان دەڵێت، "ئەنجوومەنەکە هیچ فەتوایەکی لەو جۆرەی نەداوە."
ئەمڕۆ شەممە، 27-1-2024، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی لەو جۆرە بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان کە سەر بە یەکێتیی زانایانی کوردستانە، لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە فەتوایەکی دەرکردووە و تێیدا هاتووە، "ئەگەر حكومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان توانای پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانیان هەبێت و بە بێ پاساوی شەرعی و دروست نەیدەن، ئەوا گوناهبار دەبن و ستەم دەكەن. بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێمی کوردستان سەلماندی بێتاوانە و ناتوانێت مووچە بدات، ئەوە دەبێت فەرمانبەران خۆڕاگربن."
لەوبارەیەوە د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی بڵاوبووەتەوە وەڵامی ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوایە بۆ پرسیاری کەسێک و گوزارشت لە بۆچوونی ئەو ئەندامە دەکات، نەوەک ئەنجوومەنی باڵای فەتوا و یەکێتیی زانایان؛ گوتیشی، "ئێمە فەتوامان هەبێت بە فەرمی بڵاوی دەکەینەوە و لە ماڵپەڕی خۆشمان دایدەنێین."
د. عەبدوڵڵا وەیسی گوتیشی، "بەشێکی ئەوەی هەیە بەناوی منەوە بڵاوکراوەتەوە. تەواوی ئەو قسانە رەت دەکەینەوە بڵاوبوونەتەوە و هیچ بنەمایەکی راستییان تێدا نییە".
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەوبارەوە دەڵێت، "بەداخەوە دوێنێ راگەیاندنی کۆمەڵی دادگەری هەواڵێکیان بەناوی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایان بڵاوکردووەتەوە، بێ ئەوەی بەشێوەی پیشەیی مامەڵە بکەن و وەکو موسڵمان روونکردنەوە وەربگرن."
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایان هیچ فەتوایەکی فەرمی بەو شێوەیە بڵاونەکردووەتەوە، چونکە فەتوای فەرمی لە ئەنجوومەنەوە دەردەچێت و کڵێشەی تایبەت، مۆر، ئیمزا، ژمارە و بەرواری لەسەر دەبێت و هەروەها لە سایتی فەرمی یەکێتیی زانایان بڵاودەکرێتەوە."