دوو ژن و نۆ منداڵی چینی لە چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێرن و ناتوانن زیندان جێبهێڵن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراق دەڵێت، دوو ژنی چینی و نۆ منداڵ لە چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێرن. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دادگە بڕیاری ئازادکردنیانی داوە، بەڵام خۆیان زیندان جێناهێڵن.
 
دووشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2025، مافپەروەر شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "چیرۆکی ئەو دوو ژنە چینییە بە هەڵە لە راگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە کە خۆیان و حەوت منداڵیان بەبێ تاوان گیراون."
 
بە گوتەی سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراق، ئەو دوو ژنە چینییە، لە چینەوە بە قاچاخ هاتوونەتە عێراق و شوویان بە دوو چەکداری داعش کردووە و چەکدارەکان دەستگیرکراون؛ دادگایی کراون و سزای لەسێدارەنیان هەیە؛ ئێستا لە زیندانی گەورانی هەولێرن."
 
ئیحسان بابان بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەو دوو ژنە لەگەڵ منداڵەکانیان لە ساڵی 2018ەوە دادگە ئازادی کردوون، بەڵام لەبەرئەوەی لە چین بە یاسا لە سێدارە دەدرێن، ناتوانن بگەڕێنەوە."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە کە گوایە دوو ژنی چینی و حەوت منداڵ بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێت، لە چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر گیراون. بەڵام شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراق گوتی: "ئەم زانیارییە هەڵەیە؛ دوو ژنی خەڵکی چین و 9 منداڵن. یەکێکیان چوار منداڵ و ئەوەی دیکە 5 منداڵی هەیە."
 
ئەو منداڵانە لەگەڵ دایکیان لە زیندانن، ئیحسان بابان گوتی: "منداڵەکان گەورە بوون و هیچ شەڵتەرێک وەریانناگرێت. ئەو ژنەی 5 منداڵی هەیە منداڵەکانی تەمەنیان 8، 9، 10، 11 و 12 ساڵانن. ئەوانی دیکەیش بەهەمان شێوە 8، 9، 10 و 11 ساڵانن."
 
شوان سابیر گەردی لەبارەی ژن و منداڵەکان روونیکردەوە، "هیچ بەڵگەیەک نەبوو تاوەکو بیسەلمێنێت، ژن و منداڵەکانی ئەو دوو پیاوە داعشە لە تاوانی تیرۆریستی تێوەگلابن. بەناچاری دادگە دەبێت ئازادیان بکات. بەڵام لەبەرئەوەی مێردی ژنەکان تیرۆریستن و بەقاچاخ هاتوونەتە نێو خاکی عێراق، دادگە بڕیاری داوە نابێت لەسەر خاکی عێراق بمێننەوە و پێویستە بنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان."
 
بەپێی ئەوەی ئەو دوو ژنە هەڵگری وڵاتینامەی چینین، پێویستە بنێردرێنەوە ئەو وڵاتە؛ بەڵام شوان گەردی گوتی: "ئەو دوو ژنە لە چینەوە بەقاچاخ هاتوونەتە نێو خاکی عێراق. بەپێی یاسای ئەو وڵاتەیش ئەمانە ناپاک (خائین)ن. هەر چۆن بگەڕێنرێنەوە چین، لە سێدارە دەدرێن."
 
لە یاسای نێودەوڵەتیدا، رێککەوتنێک هەیە بە ناوی رێککەوتنی تاوانباران. لەو رێککەوتنەدا هاتووە هیچ وڵاتێک بۆی نییە دەرکراوێک، گومانلێکراوێک یان حوکمدراو رادەستی وڵاتەکەی خۆی بکاتەوە ئەگەر لە وڵاتی خۆی سزای سێدارەی بۆ دەرچووبێت.
 
بەگوتەی شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراق، ناکرێ ئەو دوو ژنە بنێردرێنەوە چین؛ دادگەی هەرێمی کوردستانیش بڕیاری داوە عێراق جێبهێڵن. ئەندامی داواکاریی گشتی، کە بەرپرسی فەرمانگەی داواکاریی گشتییە لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان، نووسراوی بۆ گشت سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و یوئێن کردووە تاوەکو چارەسەرێکیان بۆ بدۆزنەوە؛ یان وڵاتی سێیەمیان بۆ بدۆزنەوە.