لە کرماشان دەست بەسەر 100 پارچەی شوێنەواریدا گیرا؛ 'مێژووی هەندێکیان چاخی ئاسنینە'
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کرماشان دەست بەسەر 100 پارچەی شوێنەواریدا گیرا. بەرپرسانی پارێزگاکە دەڵێن، دوو کەس دەستگیر کراون.
ئەفشین دارایی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی بەقاچاخبردنی پارچە شوێنەوارییەکان، هەڵمەتێکیان ئەنجام داوە.
ئەفشین دارایی گوتی، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، تیمەکانیان چوونەتە سەر ماڵێک و تێیدا دەستیان بەسەر 100 پارچەی شوێنەواریدا گرتووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەرسین، مێژووی بەشێک لە پارچە شوێنەوارییەکان بۆ چاخی ئاسنین دەگەڕێتەوە.
ئەفشین دارایی ئەوەشی خستەڕوو، دوو کەس دەستگیر کراون و دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆیان، رادەستی دەسەڵاتی داد کراون.
هەرسین بە دووریی 47 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای کرماشان.