لە هەولێر ژمارەیەک خاوەن بڕوانامەی باڵا گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دەرچووانی دانەمەزراوی ماستەر و دکتۆرا لە هەولێر گردبوونەتەوە و داوای دامەزراندن دەکەن. نوێنەرێکیان دەڵێت، ''بێگومان لە هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی ئێمە دەرفەت و بۆشایی هەیە، پێویستە بەر لە پەسندنکردنی بودجەی 2025 هەوڵی جیدیمان بۆ بدرێت.''
ئەمڕۆ دووشەممە 27-01-2025، ژمارەیەک لە خاوەن بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرای دانەمەزراو لە هەولێر گردبوونەوە و چەند داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان کرد.
عەبدولکەریم خدر رەسووڵ، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە باڵاکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بەپێی یاسای ژمارە 59ـی ساڵی 2017ـی حکومەتی فیدراڵی، دامەزراندن مافی سەرجەم خاوەن بڕوانامە باڵاکانە، لەکاتێکدا ئێمە لێی بیبەش کراوین.''
بەگوتەی عەبدولکەریم خدر، ژمارەیان نزیکەی 500 کەسە و بۆ دامەزراندنیان تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی ''لێپرسراوانە و کردەیی'' نەنراوە.
ئەو نوێنەرەی خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو، لە چەند خاڵێکدا داواکارییەکان دەخاتەڕوو کە بریتین لە، ''رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەموو هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان بەبێ جیاوازی، گرتنەبەری نەخشەڕێگە و میکانیزمی ئاشکرا و شەفاف بۆ چۆنیێتیی وەرگرتن و دامەزراندنمان، هەروەها ئەنجامدانی بایۆمەتری بۆ هەموو هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان.''