وەزارەتی دارایی لە باجی کۆمپانیا تۆمارنەکراوەکان خۆش دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لێخۆشبوون لە پێدانی باج بەو کۆماپانیایانەی تۆمار نەکراون، درێژ کراوەتەوە. ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش دەڵێت، ئەوانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە مانگانە لەنێوان 700 هەزار بۆ دوو ملیۆن دینار پێبژاردنیان بۆ دەکرا و ئێستا لێیان خۆش دەبن.
 
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ژمارە 738 لە 27-01-2025 دەرچووە و لە لایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری وەزارەتەکەوە واژۆ کراوە. نووسراوەکە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باجی دەرامەت لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ کراوە.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و کارئاسانی بۆ باجدەران و پێدانی دەرفەتی خۆتۆمارکردن. هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سیستمی خود خەمڵاندن کە سیستمێکی نوێیە و کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی خۆتۆمارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە تازە دامەزراون یان نەیانتوانیوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج بکەن".
 
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو 30-06-2025 وەکو هاندان و پێدانی دەرفەت بە کۆمپانیا نوێیەکان لێخۆشبوونەکە بەردەوام دەبێت.
 
لەبارەی ئەو بڕیارەوە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بڕیارێکی لێخۆشبوون بۆ باجی ئەو کۆمپانیایانە دەرچوو، کە سەردانی فەرمانگەکانی باجیان نەکردووە، بەپێی یاسا، مانگانە لەنێوان 700 هەزار بۆ دوو ملیۆن دینار سزا دەدران، بەڵام ئێستا لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت".
 
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە بۆ ئەو کۆمپانیایانە سوودی هەیە کە کار دەکەن، نە مۆڵەتیان هەیە و نە باج دەدەن، بەپێچەوانەوە بۆ خاوەن کارگەکانی دیکە هیچ سوودێکی نییە".