بۆ چارەسەری کێشەیەکی خێزانی چووبوون و تووشی شەڕی دەستەویەخە بوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
شاکر کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، لەگەڵ کوڕ و براکەی دەچنە نووسینگەی پارێزەری بووکەکەیان تاوەکو کۆتایی بە پرۆسەی هاوژینیی کوڕەکەیان بهێنن، بەڵام لەوێ لەگەڵ پورزایەکی و منداڵەکانی دەبێتە شەڕیان و بریندار دەبن.
رووداوەکە 23ی ئەم مانگە بووە. بووک و زاوا خزمی یەکدی بوون.
بە قسەی شاکر، دوای لێکجیابوونەوەیان هەر لەنێو نووسینگەی پارێزەرەکەدا، پورزا و منداڵەکانی کە هەشت کەس بوون، هێڕشیان کردووەتە سەریان و لێیانداون، لە دوای رووداوەکە دوو لە تۆمەتبارەکان گیراون، شەش کەسی دیکەش فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە و هێشتا دەستگیرنەکراون.
مستەفا یەکێک لەو پێنج کەسەی کە شاکر وەک تۆمەتباری سەرەکی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و دەستگیرنەکراوە، رەتیدەکاتەوە بە هەشت کەس هێرشیان کردبێتە سەر تاوانلێکراوەکە. دەڵێت، "کوڕەکەی شاکر [زاواکەیان] هۆکاری سەرەکیی شەڕەکە بووە".
بەهۆی شەڕەکەوە، شاکر لە چاوی چەپی کێشەی بینینی بۆ دروستبووە، ئێستا تاوانلێکراوەکان سکاڵایان تۆمارکردووە و چاوەڕوانی دەستگیرکردنی شەش تۆمەتباری دیکەن کە هێشتا دەستگیرنەکراون.