خانەنشینبوونی مامۆستایان کێشەی دروستکردووە؛ 'قوتابخانە هەیە لە 21 مامۆستا 11یان خانەنشین دەبن'
رووداو - سلێمانی
بەهۆی خانەنشینبوونی هەزاران مامۆستاوە، کێشە بۆ پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دروستبووە و وەزارەتی پەروەردەش لە هەوڵدایە کێشەکە چارەسەر بکات.
مامۆستایەکی زمانی کوردییە لە قوتابخانەیەکی سلێمانی، لەپاش خانەنشینبوونی چوار مامۆستای زمانی کوردی لە قوتابخانەکەی ناچارە بەشێک لە وانەکانی ئەوانیش بڵێتەوە.
مامۆستا فەریحە، مامۆستای زمانی کوردی لە قوتابخانەیەکی سلێمانی، دوای خانەنشینبوونی چوار مامۆستای هەمان وانە لە قوتابخانەکەی، ناچارە بەشێک لە وانەکانی ئەوانیش بڵێتەوە، دەڵێت، بەم بێ مووچەییەوە بارگرانییەکی زۆرە جێگەی مامۆستا خانەنشینبووەکانیش بگرینەوە.
فەریحە سائیب، مامۆستای زمانی کوردی داوا دەکات مامۆستای دیکە لە شوێنی مامۆستا خانەنشینبووەکان دابمەزرێنن، "چونکە ناکرێت وانەیەکی زۆر بخرێتە سەر شانی مامۆستایەک، لەم کاتەدا مامۆستا ناتوانێت بە باشی وانە بە قوتابی بڵێت و ئەوانیش فێرنابن."
لەپاش خانەنشینبوونی نزیکەی 5500 مامۆستا لە هەرێمی کوردستان، بۆشایی لە قوتابخانەکان دروستدەبێت و کاریگەریی لەسەر قوتابییانیش دەبێت. لالاز ئاریاس، قوتابی دەڵێت، "دوو مامۆستامان خانەنشین بوون، مامۆستای دیکە نییە وانەمان پێ بڵێتەوە، نازانین چی بکەین، مەگەر مامۆستاکان خۆیان دەرەجەمان بۆ دابنێن بۆئەوەی دەربچین."
رێدین رەوا، قوتابی ئاماژەی بەوە کرد، "مامۆستای کۆمەڵایەتیمان خانەنشین بووە، زۆرمان خۆشدەوێت، مامۆستای دیکەشمان نییە، نازانین چۆن وانە بخوێنین."
قوتابخانەی سیڤەر 9 مامۆستای لێ خانەنشین دەبێت، ناچارن پاش شکاندنی بایکۆت و دەستپێکردنەوەی دەوام هەندێک وانە بەو خوێندکاری زانکۆیانە بڵێنەوە، کە بۆ مەشقی کۆتایی خوێندن لەوێن.
کامەران نووری، یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی سیڤەر ئەوەی خستەڕوو، "چارەسەری ئەم کێشەیە بە دابەشکردنەوەی وانەکان دەبێت بەسەر مامۆستاکانی دیکەدا، ئەمانیش ئایا بەم قەیران و بێ مووچەییە دەتوانن وانەی دیکە بڵێنەوە یان نا؟ نازانین."
جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، وەرزی دووەمی خوێندن بەم جۆرە ناڕوات و نزیکەی 2000 مامۆستای دیکەمان پێویستە.
عومەر محەممەد ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، "پێشتر هەر مامۆستامان کەم بوو، بەم بڕیارە ئەوەنەی دیکە کێشەمان بۆ دروست دەبێت، بۆیە بەم بڕیارە ناوەندەکانی خوێندن تێکدەچێت و ئەگەر لەبەر بێ مووچەییش مامۆستا بایکۆت نەکات رەنگە لەبەر زۆری بەشەوانە بایکۆت بکات، بۆیە وەرزی دووەمی خوێندن بەم جۆرە وانەی تێدا ناخوێندرێت. قوتابخانە هەیە 6 یان 8 مامۆستای پسپۆڕی خانەنشین دەبن، قوتابخانە هەیە 21 مامۆستای هەیە 11ی خانەنشین دەبن."
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لە هەوڵدایە، مامۆستایان و سەرپەرشتیاران لەگەڵ خانەنشینبوونیان لە دەوام بەردەوام بن، لە بەرامبەریشدا بڕێک پاداشتیان پێ بدرێت.
پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە وەرزی دووەم و بەربەستەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە لە سلێمانی زیاتر بوون، بە جۆرێک لە لایەک بایکۆتی مامۆستایان زۆرینەی قوتابخانەکانی گرتووەتەوە و لە لایەکیش خانەنشینبوونی مامۆستایان بارگرانی بۆ مامۆستایان و قوتابییانیش دروستدەکات.