ئەو هاونیشتمانییانەی کارتی نیشتمانی وەرناگرنەوە کارتەکەیان بۆ بەغدا دەنێردرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی دەڵێت، هەر هاونیشتمانییەک کارتە نیشتمانییەکەی وەرنەگرێتەوە، کارتەکەی بۆ بەغدا دەنێردرێتەوە و دەبێت خۆیشی بچێت لەوێ وەریبگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی ئەو هاونیشتمانییانە ئاگادار دەکاتەوە کە لە ساڵانی 2016 بۆ 2024 مامەڵەی کارتی نیشتمانییان کردووە و تاوەکو ئێستا وەریاننەگرتووەتەوە، "بە زووترین کات سەردانمان بکەن."
ئەمڕۆ دووشەممە 27-01-2025 عەقید ئازاد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کاروباری کارتی نیشتمانیی گەرمیان بە رووداوی گوت، "رێنوێنییەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی هەرێمی کوردستان گشتاندنی بۆ کراوە، ئێمەیش لە بەڕێوەبەرایەتییەکان پێوەی پابەندین و بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کاروباری کارتی نیشتمانیی گەرمیان، ئەم بڕیارە بۆ پاسپۆرتیش هەمان شتە و پێشتر بۆ رەگەزنامەی عێراقیش ئەو بڕیارە هەبوو.
کارتی نیشتمانی، بەڵگەنامەی یاسایی ناساندنی کەسی هەڵگرە و دەدرێتە هاووڵاتیی عێراقی. ئەو دۆکیۆمێنتە جێگرەوەی ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقییە.
بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، "بە زووترین کات سەردانمان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە. ئەگەر نەیەن، کارتەکانیان دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا، دوای ئەوە دەبێت خۆیان سەردانی بەغدا بکەن و مامەڵە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان بکەن."