ئەوقافی سلێمانی: تاوەکو ئێستا مەلا هەڵۆ و مەلا کامەران ئازاد نەکراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەو دوو مەلایەی چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستگیر کران، هێشتا ئازاد نەکراون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداویش، هۆکاری دەستگیرکردنەکە پەیوەندیی بە "سووکایەتیکردن بە رۆژئاوای کوردستان"ـەوە هەیە.
عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کامەران عەلی (ناسراو بە مەلا کامەران) و مەلا هەڵۆ کە رۆژانی 22 و 24ی ئەم مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون، "تاوەکو ئەمڕۆ لە زیندان راگیراون و ئازاد نەکراون."
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو مامۆستاکە لەسەر میلاکی حکومەتن و وەکو فەرمانبەری فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. گوتیشی: "هەردوو کەسەکە بەهۆی سکاڵای خەڵکەوە راگیراون، دەبێت دۆسیەکەیان بچێتە بەردەستی دادوەر و تاوەکو ئێستا دادوەر بڕیاری لەسەر دۆسیەکەیان نەداوە."
سەبارەت بە مادەی یاسایی و هۆکاری دەستگیرکردنەکە، عەباس خدر گوتی: "مەلا کامەران بە مادەی 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و لەسەر کۆمێنتی زبر دەستگیرکراوە؛ مەلا هەڵۆش بەهۆی ئەوەی لە گوتاری هەینیدا بەجۆرێک باسی ئافرەتی کردووە، کە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە."
سەرەڕای روونکردنەوەکانی ئەوقاف، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری سەرەکیی دەستگیرکردنی هەردوو مامۆستا ئایینییەکە پەیوەندیی بە دۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە و بە تۆمەتی "سووکایەتی بە شەڕڤانان" و "پەسندانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا" دەستبەسەر کراون.
پێشتریش لە رۆژی 16ی ئەم مانگە، لە دوو مزگەوت لە سلێمانی و کەلار دوو مامۆستای ئاینی بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران و دوای چەند رۆژێک مانەوە لە زیندان، ئازاد کران.