کەشناسی: سبەی شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر تەواوی باشووری کوردستان دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە سبەی نیوەڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکان دەکات و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت: "لە خانەقینەوە تاوەکو زاخۆ باران دەبارێت و لە هەندێک شوێن تاوەباران دەبێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، بەڵام نیوەڕۆی سبەی چوارشەممە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکە دەکات؛ سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەکان.
 
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، سبەی لە ناوچە سنوورییەکان و ئەو شوێنانەی 1500 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن، بەفر دەبارێت. شەپۆلەکە سنووری پارێزگای کەرکووکیش دەگرێتەوە و رۆژی پێنجشەممە کاریگەرییەکەی نامێنێت.
 
لەلایەکی دیکەوە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەپۆلەکە لە خانەقین تاوەکو زاخۆ دەگرێتەوە؛ لە سلێمانی، هەڵەبجه، گەرمیان و نێوان کەرکووک و چەمچەماڵ تاوەبارانی بەهێز دەبارێت و بەگشتی لە هەموو ناوچەکان بارانی مامناوەند دەبێت".
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو شارەزایەی کەشناسی، زۆرترین بڕی باران لە گەرمیان دەبارێت کە دەگاتە 44 ملیمەتر.
 
پێشبینیی بڕی بارانبارین بەمشێوەیە دەبێت:
 
گەرمیان: 25 بۆ 44 ملیمەتر
 
هەڵەبجه: 25 بۆ 30 ملیمەتر
 
سلێمانی: 19 بۆ 28 ملیمەتر
 
کەرکووک: 17 بۆ 25 ملیمەتر
 
سۆران: 14 بۆ 26 ملیمەتر
 
راپەڕین: 15 بۆ 22 ملیمەتر
 
هەولێر: 10 بۆ 13 ملیمەتر
 
دهۆک: 7 بۆ 13 ملیمەتر
 
پێشبینیی پلەکانی گەرمای سبەی چوارشەممە:
 
هەولێر: 17
پیرمام: 12
سۆران: 9
حاجی ئۆمەران: 3
سلێمانی: 13
چەمچەماڵ: 15
هەڵەبجە: 14
دهۆک: 15
زاخۆ: 14
ئاکرێ: 13