وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی یەکمان بۆ بەغدا نارد


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026یان بۆ بەغدا ناردووە.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، لیستەکە سبەی چوارشەممە 28-01-2026 رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت.

رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تائێستا هیچ رێککەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لەئارادا نییە،" هیچ بڕیار و رێنماییەکیان لەبارەی خەرجکردنی مووچە لە وەزارەتی فیدراڵەوە پێنەگەیشتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی 2025یش دابەش نەکراون.

وەزارەتەکە رۆژی 25ی ئەم مانگە بەرچاوڕوونییەکی بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

سەبارەت بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026، ماوەی چەند رۆژێکە چەندین لێدوان و شیکردنەوە و لێکدانەوەی نادروست لەسەر ئەو بابەتە لە بەشێک لە میدیاکانەوە بڵاودەبێتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم بەرچاوڕوونیانە بخەینەڕوو.

1- تائێستا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هیچ بڕیار و رێنماییەک سەبارەت بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە بۆ ساڵی دارایی 2026 نەگەیشتووەتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

2- تائێستا هیچ رێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە لە ئارادا نییە.

3- وەزارەتی دارایی و ئابووری هەروەک ساڵانی پێشوو بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی هەموو هەنگاوەکانی دابەشکردنی مووچە.

4- هیچ کێشەیەک لەبەردەم وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمدا نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی خاڵی یەکەمە (واتە بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ خەرجکردنی مووچە لە ساڵی 2026).  

بۆیە تکایە هەرکەس و لایەنێک کە شارەزای ئەم رێکەوتن و رێنمایی و رێکارانە نییە، زانیاریی هەڵە لەسەر لیستی مووچە و بابەتی (120,000,000,000) سەد و بیست ملیار دینارەکە بڵاونەکاتەوە، تاوەکو لەو رێگایەوە بیەوێت بۆ دەستکەوتی کەسی یان سیاسی یاری بە هەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات.

بۆ چەندین جار چەند بارەی دەکەینەوە، هەر کەس و لایەنێک پێویستی بە زانیاریی هەیە لەو بارەیەوە دەرگای وەزارەتمان ئاوەڵایە.