ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا ژمارەیەک داواکارییان لە دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن و داوای "تێکەڵبوونی ئاشتییانە"ـی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2026، هەریەکە لە ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا؛ ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا؛ سێراپ گولەر، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، دوای کۆبوونەوەیان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی دۆخی سووریا بڵاوکردەوە.
ئاگربەست و رەوشی مرۆیی
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو چوار وڵاتە پێشوازی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هەسەدە بۆ 15 رۆژ دەکەن، کە رۆژی 24ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەکە بن و داوا لە لایەنە دەرەکییەکانیش دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بێنە پاڵمان."
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی، وڵاتانی رۆژئاوا جەخت لە پێویستی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی دەکەنەوە و دەڵێن: "پێویستە ئەو رێڕەوانە بپارێزرێن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری کۆبانێ دەستپێبکەنەوە."
چارەسەری سیاسی و گەڕانەوە بۆ سەر دیمەشق
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ـی مانگ لەنێوان هەسەدە و دیمەشق کراوەتەوە.
ئەو چوار وڵاتە داوا دەکەن بە خێرایی گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە بە ئامانجی "تێکەڵبوونی ئاشتییانە و بەردەوامی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری."
لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە و سوپای سووریا، چوار وڵاتەکە دەڵێن، دەبێت "بەشێوەیەکی کاریگەر مافی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێ."
مەترسیی داعش و رۆڵی هەرێمی کوردستان
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مەترسییەکانی داعش کراوە. وڵاتانی رۆژئاوا هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی هەر جۆرە بۆشاییەکی ئەمنی لە دەوروبەری گرتووخانەکانی داعش و بڕیاریانداوە بە خێرایی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجام بدەن.
لەو چوارچێوەیەدا، ستایشی رۆڵی هاوبەشەکانیان کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و بە دیاریکراوی ناوی "هەرێمی کوردستان، عێراق، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات"ـیان هێناوە کە رۆڵی گرنگیان لەو پرۆسەیەدا هەبووە.
دەقی راگەیێندراوەکە:
راگەیێندراوی هاوبەشی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا؛ ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا؛ سێراپ گولەر، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا
پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ 15 رۆژ دەکەین، کە لە 24ـی کانوونی دووەم راگەیێندرا. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەکە بن و بەوپەڕی توانایانەوە دان بە خۆیاندا بگرن. داوا لە هەموو لایەنە دەرەکییەکان دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بێنە پاڵمان.
پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی سڤیل دووپاتدەکەینەوە. پێشوازی لە دروستکردنی رێڕۆی مرۆیی دەکەین بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەشێوەیەکی سەلامەت و بێ رێگری. جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت ئەو رێڕۆیانە بپارێزرێن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری کۆبانێ دەستپێبکەنەوە.
هەروەها پێشوازی لە رۆڵی گرنگی هاوبەشانمان دەکەین، لەوانەش عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی داعش دروستیان دەکات.
داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە خێرایی لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی رێکبکەون و بە زووترین کات دەست بە دانوستاندنەکان بکەنەوە بە ئامانجی تێکەڵبوونی ئاشتییانە و بەردەوامی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری کە بەشێوەیەکی کاریگەر رێز لە مافی هەموو هاووڵاتییانی بگرێ و بیپارێزێ، ئەوەش بەپێی رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەمی 2026، وەک کاریگەرتین رێگە بۆ سەقامگیری لە سووریا.
جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامی و چڕکردنەوەی هەوڵە بەکۆمەڵەکان لە شەڕی دژی داعش دەکەینەوە. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین خۆیان لە دروستبوونی هەر جۆرە بۆشاییەکی ئەمنی لە ناوەوە و دەوروبەری ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی داعش بەدوور بگرن. بۆ چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانییانە، رێککەوتین لەسەر ئەوەی بە خێرایی کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەنجام بدەین.
پشتیوانیی خۆمان بۆ گواستنەوەیەکی سیاسیی گشتگیر لە سووریا دووپاتدەکەینەوە کە مافی هەموو سوورییەکان بپارێزێ، جەخت لەوەش دەکەینەوە کە سەقامگیرکردنی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە رێگەی ئامرازی ئاشتییانەوە، کارێکی لەپێشینەیە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بۆ ئاسایشی ناوچەکە. ئامادەیی خۆمان نیشان دەدەین بۆ پشتیوانی و چاودێریکردن، لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان لایەنەکان کە ئامانجیان تێکەڵبوونەوەی ئاشتییانە و بەردەوامی باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو، گشتگیر و خاوەن سەروەری، کە بەشێوەیەکی کاریگەر مافی هەموو هاووڵاتییانی بپارێزێ.