خەڵکی حەسەکە بە کۆمەڵ دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان


رووداو - حەسەکە

دوای هەفتەیەک لە ترس و دڵەڕاوکێ، گەرموگوڕی بۆ بازاڕی گەڕەکی موفتی لە حەسەکە گەڕایەوە؛ ئەو خێزانانەی بەهۆی ئەگەری شەڕەوە ماڵەکانیان بەجێهێشتبوو، بە کۆمەڵ دەگەڕێنەوە. ژنێکی بەتەمەن بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت: "ئەگەر هێزم هەبوایە منیش دەچوومە بەرەی شەڕ."
 
لە گەڕەکی موفتیی کوردنشین لە حەسەکە، ژیان ئاسایی دەبێتەوە. ژیما زاڤێ، یەکێکە لەو ژنانەی گەڕاوەتەوە ماڵەکەی و دەڵێت: "بەخوا بچووک و گەورەمان هەموو لە دەرەوەی ماڵەکانمانین؛ ئەگەر منیش توانام هەبوایە دەچوومە بەرگری، بەڵام هێزی ئەوەم نەماوە، بۆیە تەنیا دوعایان بۆ دەکەم."
 
عەبدولڕەزاق، هاوژینی ژیمایە و نیوەی جەستەی ئیفلیجە. ئەو بەو دۆخە تەندروستییەوە ناچار ببوو حەسەکە جێبهێڵێت، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە و لەبەر دەرگەی ماڵەکەی دانیشتووە.
 
عەبدولڕەزاق بە رووداوی گوت: "لە حەسەکە خەڵک کاروباری خۆیان دەکەن، شەوان خەڵک پاسەوانی دەگرن و دەسووڕێنەوە؛ هەر ماڵێک چەکی پێدراوە و پاسەوانیی گەڕەکەکەی دەکات."
 
هۆکاری سەرەکیی گەڕانەوەی خەڵک، راگەیاندنی ئاگربەستی 15 رۆژە و لێدوانەکانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بوو.
 
سەڵاح خەلیل، هاونیشتمانییەکی کوردی دانیشتووی حەسەکەیە و هیوای وایە بە رێککەوتنی سیاسی کێشەکان چارەسەر بکرێن: "کەس حەز ناکات شەڕ دروست ببێت، تەنیا دز و چەتە نەبێت؛ ئەگەرنا شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە."
 
لەلایەکی دیکەوە، عەرەبەکانی حەسەکە بەپێچەوانەی کورد، زۆربەیان ماڵەکانیان جێنەهێشتبوو. عەلی عەبدوڵڵا، هاووڵاتییەکی عەرەبە و دەڵێت: "هیوادارین لەگەڵ یەک رێکبکەون و ئەم دۆخە کۆتایی پێبێت، چونکە میلـلەت تەحەمولی نەماوە."
 
حامد حاجی، هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەبە و باس لە ترسی خەڵک دەکات: "هەموو خەڵک دەترسن لە شتێکی نادیار؛ کەس نازانێت ئەگەر ئەوانە (چەکدارەکان) بێن دۆخەکە باشتر دەبێت یان خراپتر، چونکە پێشتریش بەم ئەزموونەدا تێپەڕیوین."
 
ئێستا دەروازەکانی چوونەژوورەوەی حەسەکە لەژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانی هەسەدەیە و لەنێو شاریشدا هێزەکان و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بڵاوەیان پێکراوە.