هەسەدە: دیمەشق بە 7 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر گوندێکی سنووری چل ئاغا
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی مەیدانیی گوندەواری قامشلۆ و کۆبانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست."
بەپێی راگەیێندراوی هەسەدە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بە 7 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر گوندی (باقڵا) لە باشووری شارۆچکەی چل ئاغا. هەسەدە ئەم هێرشەی بە "هەنگاوێکی مەترسیدار و بەڵگەی بەردەوامیی دیمەشق لە هەڵکشانی سەربازی" ناوبردووە.
لەگەڵ هێرشەکەی چل ئاغا، ئەو گرووپانە لە میحوەرەکانی رۆژئاوای کۆبانیش دەستیان بە جووڵە کردووە و هێزێکی زۆریان بەرەو گوندەکانی قاسمیە و زرکۆتک کۆکردووەتەوە و هێرشیان کردووە؛ هەروەها دەوروبەری گوندی سەفا لە باشووری چل ئاغا کراوەتە ئامانجی تۆپباران.
هەسەدە دەڵێ، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی "ئاشکرا و راشکاو"ـی رێککەوتنی ئاگربەست و لێکتێگەیشتنن؛ هەروەها رایانگەیاندووە، شەڕڤانان مافی رەوای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەیان بەکاردەهێنن و بەرپەرچی هەر هێرشێک دەدەنەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، وڵاتانی رۆژئاوا و لایەنە گەرەنتیارەکان داوای پابەندبوونی تەواو بە ئاگربەستی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکەن.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، میدیای سووریا بڵاویکردەوە، لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دروستبووە.
ئەمشەو تەلەڤزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە "بڕیاردراوە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا (پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) لەنێو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە و ناوچە گرنگ و ستراتیژییەکانی دیکەدا جێگیربن بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ." لە بەرامبەردا، شەڕڤانانی هەسەدە لەنێو گوند و شوێنەکانی ئێستای خۆیان لە دەرەوەی شارەکان دەمێننەوە.
وەک تەلەڤزیۆنی سووریا دەڵێ، خاڵێکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکە بریتییە لە "راگرتنی یەکجاریی کردە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکانی شەڕ؛" هەروەها بڕیاردراوە دەست بە رێکارەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا بکرێ، کە بڕیارە وردەکارییەکانی ئەم پڕۆسەیە لە داهاتوودا رابگەیێندرێ.