وەزارەتی دارایی هۆشداری دەداتە بانکەکان و مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە رابگیرێت کە تۆمار نەکراون، هاوکات هۆشداری تووندیش درایە ئەو بانکانەی کێشەی تەکنیکی و کەمیی ئامێری ATMـیان هەیە.
رۆژی دووشەممە، 26-1-2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین هەنگاوەکانی پڕۆژەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان تاوتوێ کران.
مووچەی کێ رادەگیرێت؟
وەزارەتی دارایی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیاری راگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە کردەوە کە تاوەکو ئێستا ناوی خۆیان لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکردووە، یان کارتە بانکییەکانیان تەواو بووە و نەچوونەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی.
بەپێی دوایین ئامارەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا خرانە روو، زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پڕۆژەکە تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە، نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچە وەردەگرن.
کێشەکانی TBI و سزادانی بانکەکان
پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو. بەهۆی "کێشەی تەکنیکی بەردەوام، نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و کەمیی ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە قەزا و ناحیەکان"، بڕیاردرا ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناویان تۆمار کردبوو، بەشێوەی ئارەزوومەندانە بگوازرێنەوە سەر بانکێکی دیکە.
وەزارەتی دارایی هۆشداری تووندی دایە سەرجەم بانکە بەشداربووەکان و رایگەیاند، هەر بانکێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت و کێشەی کەمیی ئامێری ATM و درەنگ پڕکردنەوەی پارەی هەبێت، لە پڕۆژەکە دووردەخرێتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
خانەنشینان و جووتیاران
سەبارەت بە چینەکانی دیکە، ئاماژە بەوە درا کە لە کۆی 455 هەزار خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت، تاوەکو ئێستا زانیاریی 438 هەزار کەسیان وەرگیراوە و زیاتر لە 354 هەزاریان بەتەواوی تۆمار کراون.
هەروەها پڕۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جووتیارانیش دەستیپێکردووە، تاوەکو لەمەودوا شایستە داراییەکانیان و پارەی گەنمەکانیان لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە وەربگرن.