بەهۆی تۆپبارانی گرووپە چەکدارەکانەوە منداڵێک لە قامشلۆ گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو، بەهۆی تۆپبارانێکی چڕی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "وەزارەتی بەرگری" لە حکومەتی کاتیی سووریا، منداڵێک لە گوندی "سەفا"ی سەر بە ناحیەی چل ئاغا لە رۆژهەڵاتی قامشلۆ گیانی لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 27-01-2026 رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، تۆپبارانی چڕی مووشەکی و تۆپخانەکانی ئەو گرووپانە شارۆچکەی "حەمرات"یشی گرتووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو گرووپانە و هێزەکانی سوریای دیموکرات.
 
ئەم پێشێلکارییانە لە کاتێکدایە، پێشتر ئاگربەستێک بۆ 15 رۆژ راگەیێندرابوو، بەڵام ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتنەکەن.
 
شەڕ و پێکدادانەکان گوندەکانی رۆژهەڵاتی قامشلۆیان کردووەتە مەیدانی جەنگ، ئەمەش جگە لە گیانلەدەستدانی منداڵەکە، بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر و ئاوارەبوونی دانیشتووانی ناوچەکە بەهۆی تۆپبارانی هەڕەمەکی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خەڵکی سڤیل.
 
روانگەی سووری بڵاویکردەوە کە رۆژی 26ی ئەم مانگە، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر گوندی "میلبێ" لە گوندەواری باشووری پارێزگای حەسەکە، سێ کەسی سڤیل بریندار بوون.