کازم فارووق: کاتێک راستییەکان بڵاودەکەمەوە کەسانێک باجی قورس بدەن

رووداو دیجیتاڵ 

کازم فارووق رایگەیاند، تەندروستیی باشە. گوتیشی، لەکاتێکدا راستییەکان بڵاودەکاتەوە ئەو کەسانەی تۆمەتباریان دەکات، باجی "قورس" بدەن.
 
کازم فارووق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە پێش کۆتاییهاتنی خولەکە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە پەرلەمان و هەرێمی کوردستانی جێهێشت و لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کێشە کەوتە نێوانیانەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، و دوای زیاتر لە هەشت مانگ، لە پەخشێکی راستەوخۆی فەیسبووکدا دەرکەوتەوە.
 
کازم فارووق گوتی، لە ئوردن پزیشکەکان پێیان گوتووە، تەندروستیی باشە، بەڵام هێشتا پێویستی بە چاودێریی دەبێت و داوای لێکراوە بچێتە سەنتەرێکی گەورەی پزیشکی لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا.
 
بەبێ ئەوەی ناوی هیچ کەس و لایەنێک بهێنێت، کازم فارووق گوتی: "هەندێک کەس بە باسکردنی ئەم بابەتە [تەندروسی ئەو] تێکدەچن و دەشڵەژێن و بە دەموچاویاندا دەناسرێنەوە؛ لەوە سەیرتر ئەوەیە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانیاندا پرسیار بۆ رۆژنامەنووسانی سێبەری خۆیان دەنووسنەوە و دەڵێن، لێمان بپرسە دکتۆر کازم بۆ زوو ئەم بابەتە باس ناکات و دەیخاتە کاتێکی دیاریکراوە".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "کەسانی بەناو سەربەخۆ و ئێکسپایەری حیزبی دیکە، (رێزم بۆ کەسانی سەربەخۆی دڵسۆزی راستەقینە کە زۆر زۆرن) رایاندەسپێردن و دەڵێن بۆ دکتۆر کازم ئێستا قسە ناکات، بێگومان بۆ من کات جیاوازیی نییە، ئەم دواکەوتنە بەهۆی دۆخی تەندروستیمەوە بووە".
 
پێشتر 12-06-2024 کازم فارووق لە نەخۆشخانەیەکەوە دەرکەوت، بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی ئەمڕۆ، تەندروستی باشترە و ئەو لاوازییەی جەستەی نەماوە هەشت مانگ لەمەوبەر هەیبوو.
 
کازم فارووق گوتی: "بۆم روونبووەتەوە {بۆ دەترسن} لە کاتی بڵاوبوونەوەی راستییەکان لەو کاتەی خۆیان باسی دەکەن، چونکە لەو کاتەدا باجەکەی زۆر قورسە لەسەر شانیان، ئێستا بێت بە سۆشیاڵ میدیا و کۆمێنتی فەیسبووک لە سزای رای گشتی رزگاریان دەبێت".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئوردن جێدەهێڵێت و بچێتە هەر وڵاتێک خەڵک لە دۆخی خۆی ئاگادار دەکاتەوە و "چالاکییەکان"ـی دەستپێدەکاتەوە.
 
رۆژی 27ی شوباتی 2022، کازم فارووق دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و لە دوای ئەو کاتەوە چەندین مانگ دەرنەکەوت. دواتر و لە رۆژی 27-10-2022، زوهێر فارووق، برای کازم فارووق بە رووداوی راگەیاند: "تەندروستیی کازم جێگیر نییە و بە ئامێر هەناسە دەدات." 
 
دوو رۆژ دواتر و لە رۆژی 29-10-2022، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە لەبارەی تەندروستیی دکتۆر کازم فارووق دەگوترێن.
 
سەرۆکی جووڵانەوەکە گوتی: "هەمووی درۆ و دەلەسەیە" و گوتیشی، "دکتۆر کازم لەگەڵ خێزانەکەی و دوو منداڵەکەی لە بەریتانیا دەژین". ئاماژەی بەوەش دا تاوەکو ئەوکاتە دکتۆر کازم خۆی قسە نەکات، ئەو هیچ لەبارەی تەندروستییەوە ناڵێت و گوتیشی: "دکتۆر کازم هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نەماوە." 
 
رۆژی 30-10-2022، ئەختەر ئەحمەد، دایکی دکتۆر کازم گوتی، لە دەرەوەی وڵات پزیشکەکان پێیانگوتوون "کوڕەکەتان ژەهرخواردکراوە.. هەوڵدەدەین چارەسەری بکەین."