ئەندازەی پارکەکانی هەولێر: دەرمان دەڕشێنین لە خواردنی گژوگیای پارکەکان دووربکەونەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، خۆیان بە دووربگرن لە دانیشتن، لێکردنەوە و خواردنی گیا بەهارییەکانی نێو دوورگە ناوەندییەکان، پارک و باخچەکان، چونکە دەرمانی قڕکەر دەڕشێنن.
رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاونیشتمانیان لە ئەمڕۆ سێشەممەوە لەو شوێنانە دانەنیشن کە دیاریکراون، لەبەر پاراستنی تەندروستیی خۆیان.
بەگوێرەی ئاماری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بۆ رووداو، لە سنوورەکەدا 20 پارکی گەورە، 500 باخچە و دوورگەی ناوەندیی نێوان شەقامەکان هەن، کە سەوزکراون.
رێبین ئەحمەد گوتی، پارکەکان چەند شوێنێکی کەمیان نەبێت، ئەوانی دیکە دەرمانپڕژێن ناکرێن و هاونیشتمانیان دەتوانن سەردانیان بکەن.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ترسیان زیاتر لە لێکردنەوە و خواردنی تۆڵەکە هەیە. گوتی "بۆ پاراستنی زیاتری هاووڵاتییان، سەرەتا بە ئامێرێک گیاکان دەبڕینەوە پاشان دەرمانی قڕکەر دەڕشێنین."
ئەو مادەیەی بۆ وشککردنی گژوگیا دەپڕژێندرێت، ژەهراوییە و زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیێنێت، رێبین ئەحمەد دەڵێ "بۆیە گرنگە هاونیشتمانییان ئاگاداربن و خۆیان بەدوور بگرن لەو شوێنانەی دەرمانپڕژێن دەکرێن."
ساڵی رابردوو ئەم هەڵمەتە لە 1ـی نیسان لە هەولێر دەستیپێکرد و چەند رۆژێکی خایاند.