بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی ئۆجەلان لە ئامەد، وان، سلێمانی و قامشلۆ شاشە دادەنرێن
رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئەمڕۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا نێوەڕۆکی کۆبوونەکە بە رای گشتی رابگەیێنێت.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی، شاندەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2025، لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە سازدەکات. هەروەها بڕیارە لە سلێمانی، قامیشلۆ، ئامەد و وان لەڕێگەی شاشەی گەورەوە پەیامەکەی ئۆجەلان نیشانبدرێت. زیاتر لە 300 رۆژنامەڤان لەو هۆتێلەی ئیستەنبووڵ ئامادەن کە بڕیارە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پەیامەکەی ئۆجەلان تێیدا بڵاوبکرێتەوە.
شاندەکە پێکهاتبوون لە؛ سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بە تورکی لەلایەن پەروین بوڵدان و بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورکەوە بخوێندرێتەوە. دواتریش پەیامەکەی ئۆجەلان بە چوار زمان بڵاودەکرێتەوە کە ئەوانیش؛ عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی و کوردین.