وەزارەتی پێشمەرگە: ئێستا لەمپەری بەردەم یەکخستنی پێشمەرگە لاچووە


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنی فەرماندەیی دەڤەرەکانی واژۆکرد و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانیش واژۆی لەسەر دەسەڵاتەکانی کارگێڕی، یاسایی و دارایی فەرماندەیی دەڤەرەکان کرد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لەمپەرەکانی بەردەم یەکخستنی پێشمەرگە لابراون و هەنگاوی ئەرێنی نراوە.
 
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی هەینی، 27ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای واژۆکردنی دەسەڵاتەکانی دەڤەرەکان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران، هەنگاوی باش بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە چووینە پێشەوە".
 
فەرماندەیی دەڤەرەکان دەبنە ناوی هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە، کە ئەوەی یەکەمیان سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ئەوی دیکە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
لیوا بەختیار ئاماژەی بەوە کرد، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا چەندین هەنگاوە؛ سەرەتا گفتوگۆ بووە، دواتر دیاریکردنی دەسەڵاتەکان و پاشان هەیکەلی هێزەکان.
 
26ـی شوباتی 2026 وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکانی پڕۆسەی چاکسازی لەنێو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە مەبەستی رێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەت، 25ـی شوبات، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە، دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنی فەرماندەیی دەڤەرەکانی واژۆ کرد".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتبوو: "26ـی شوبات، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر دەستنیشانکردنی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی، یاسایی و دارایی فەرماندەیی دەڤەرەکان کرد".
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ئەوەی کراوە هەنگاویی کۆتایی یەکخستنی پێشمەرگە نییە و ماویەتی، بەڵام هەنگاوی گەورە و گرنگن، چونکە یەکخستنی پێشمەرگە خۆی بابەتێکی گەورەیە".
 
بە گوتەی لیوا بەختیار، دوای واژۆکردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان، رێگرییەکان بۆ یەکخستنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە نامێنن؛ گوتیشی: "لەمەودوا هێزی دەڤەرەکان وەکو پێشوو حیزبی نابن و حیزبایەتییان کاڵ دەبێتەوە".
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشەمەرگە گوتی، لەمەودوا هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە لەژێر ناوی فەرماندیی دەڤەری یەک و فەرماندەیی دەڤەری دوو بەردەوام دەبن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە "بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، فەرماندەی دەڤەرەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا خاوەن دەسەڵاتی دیاریکراو دەبن لە بوارەکانی ئۆپەراسیۆن، کارگێڕی، دارایی، یاسایی، راگەیاندن و پەیوەندییەکان".
 
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "بەگوێرەی ئەم هەنگاوە، فەرماندەیی دەڤەرەکان بە شێوەیەکی فەرمی و لەژێر رێنماییە یاساییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان رادەپەڕێنن".