یەکێتیی مامۆستایان: مامۆستایانی گرێبەست دەمێننەوە و گرێبەستەکانیان نوێ دەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، هەموو مامۆستایانی گرێبەست لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و گرێبەستیان نوێ دەکرێتەوە. بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، نوێکردنەوەی گرێبەستی مامۆستایانیان تەواو کردووە.
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی، 27ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ مامۆستایەکی گرێبەست لەلایەن حکومەتەوە لانابرێت و لانەبراوە، مەگەر خۆی دەستبەرداری کارەکەی ببێت".
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان گوتی، مامۆستایانی گرێبەست ئەوانەی گرێبەستیان نوێ نەکرابێتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، دواتر بۆیان نوێ دەکرێتەوە و لەکارەکانیان بەردەوام دەبن.
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بێ کێشە گرێبەستی هەموو مامۆستایانی گرێبەستمان نوێ کردوونەتەوە و بەردەوامن لە ئەرکەکانیان".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست هەن، کە زۆرینەیان مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، 16ـی ئەم مانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی گرێبەستەکانی زانکۆکانی سلێمانی و سەڵاحەدین نوێنەکرابوونەوە، بەڵام کێشەکەیان چارەسەرکراوە و نوێ دەکرێنەوە".