پاشیڤی رووداو؛ ئیسلامی کوردەواری خزمەتی ناسنامە و کولتووری کوردی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵقەیەکی نوێی بەرنامەی "پاشیڤی رووداو"دا، گفتوگۆ لەبارەی جیاوازییەکانی نێوان ئیسلامی کوردەواری و ئیسلامی سیاسی کرا؛ هاوکات بازرگانێکی زێڕ پێشبینی دەکات نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات و تیمی بەرنامەکەش سەردانی خانەی بەساڵاچووانی هەولێریان کرد.
بەرنامەی "پاشیڤی رووداو" کە لەلایەن سەمیرا کارزان و محەممەد شێخ فاتیح پێشکێش دەکرێت، لە نوێترین ئەڵقەیدا میوانداریی د. سالار تاوگۆزی، لێکۆڵینڤان و شارەزای ئەدەبیاتی ئیسلامی، حاجی سەعد جەلال، بازرگانی زێڕ و زیوی کرد.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو شارەزایەی ئەدەبیاتی ئیسلامی باسی لە جیاوازیی نێوان ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی کوردەواری کرد و گوتی، ''ئیسلامی سیاسی بەردەوام خەریکی سیاسەتە، بەڵام ئیسلامی کوردەواری لە خزمەت نەتەوە، ناسنامە و کولتووری کوردیدا بووە.''
بەگوتەی سالار تاوگۆزی، لە شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوە تاوەکو شۆڕشی ئەیلوول، سەرجەم رێبەرانی بزووتنەوە کوردییەکان پیاوانی ئایینی و سیاسەتڤان بوون و ''ئەو ئایینەی ئەوان پەیڕەویان کردووە، خزمەتی بە ناسنامە، سیاسەت، کیان و بوونی کولتووری کوردەواری گەیاندووە.''
ئەو شارەزایەی ئەدەبیاتی ئیسلامی پێیوایە، لەگەڵ هاتنی ئیسلامی سیاسی، ئیسلامی کوردەواری پەراوێز خراوە و دژایەتی کراوە، ''چونکە ئەم جۆرە لە ئیسلام، پارێزرەری نەتەوەکەمانە.''
سالار تاوگۆزی ئاماژەی بە تەسەوف کرد و گوتی، ''جەوهەری تەسەوف ئەدەبە (رێزگرتن)، ئەوە ئیسلامی کوردەوارییە کە بڕوای بە بەکارهێنانی تووندڕۆیی نییە و لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا تەبایە.''
ئەو شارەزایەی ئەدەبیاتی ئیسلامی باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا کورد هەوڵی نەداوە ئیسلام لە بەرژەوەندیی خۆی و دژی نەتەوەی دیکە بەکاربهێنێت، ''بەڵکو تەنیا ئیسلامی بەکارهێناوە بۆ پاراستنی خۆی لە ئیسلامی تورکی، عەرەبی و فارسی.''
سالار تاوگۆزی دەڵێت: ''کورد دڵسۆزترین نەتەوەیە بۆ ئیسلام. واتا پەیوەستترین نەتەوەیە بە ئیسلامی موحەممەدییەوە کە خودی ئیسلامە سەرەکییەکەیە و دژی ستەم و زۆردارییە.''
پێشبینیی شەش هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، حاجی سەعد جەلال، بازرگانی زێڕ و زیو ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی زێڕ کرد. ئەو بازرگانە پێشبینی دەکات بەهۆی گرژییە نێودەوڵەتییەکانەوە، نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.
حاجی سەعد گوتی: "هەموو لێکدانەوە نێودەوڵەتییەکان دەرخەری ئەوەن تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، ئەگەری هەیە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە شەش هەزار دۆلار." سەبارەت بە دەستحەقی زێڕنگرانیش گوتی، قازانجی زێڕنگر تەنیا لە دەستحەقدایە نەک لە خودی زێڕەکە، چونکە تێچووی کڕین و کارگەکانی زێڕ زۆر زیادی کردووە.
''78 کەس لە خانەی بەساڵاچووانی هەولێردان''
هەر لە پاشیڤی رووداودا، پێشکێشکارانی بەرنامەکە و حاجی سەعد جەلال سەردانی خانەی بەساڵاچووانی هەولێریان کرد.
خانەی بەساڵاچووانی هەولێر ساڵی 1979 دامەزراوە، بەڵام ئەم دواییانە لەلایەن حکومەتەوە و بە هاوکاریی خێرخوازان بە شێوەیەکی سەردەمییانە نۆژەنکراوەتەوە.
سەنگەر جەمال، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی هەولێر بە پێشکێشکارانی ''پاشیڤی رووداو''ـی راگەیاند، بەگشتی 78 کەس لە خانەکەدان کە 32ـیان ئافرەت و 46ـیان پیاون.
خانەکەی بەساڵاچووان چەندین هۆڵی دانیشتن، ژووری خواردن و بنکەیەکی تەندروستیی تایبەت بە خۆی تێدایە کە دەرمان و چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بەساڵاچووان دابین دەکات. لەوانەش دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
حاجی سەعد ژمارەیەک قورئانی پیرۆزی بە دیاری بەخشییە بەساڵاچووان و گوتی: ''هەر کەسێک نەیتوانیوە خزمەتی دایک و باوکی خۆی بکات، با خزمەتی بەساڵاچووان بکات و دەستیان ماچ بکات، چونکە وەک ئەوە وایە دەستی دایک و باوکی خۆی ماچ کردبێت.''
یەکێک لە بەساڵاچووان دەڵێت، 10 ساڵە لە خانەکەدا دەمێنێتەوە و پێشتر بۆ ماوەی 26 ساڵ مامۆستای مۆسیقا بووە، ''بەڵام ئێستا توانای ژەنینی عودم نەماوە و تەنیا دەتوانم کەسانی دیکە فێر بکەم.''
ئەو بەساڵاچووە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی هەڵکشاوە، بەڵام لە رۆژووگرتن بەردەوامە، ''پاشیڤان هەڵدەستینەوە و وەک ماڵی خۆمان هەموو شتێک بۆ خواردن ئامادەیە.''
خەڵاتی پاشیڤی ر
خەڵاتەکانی پاشیڤی رووداو
لە پاشیڤی رووداو کە کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی پێشکێش دەکرێ، جیا لە پێشکێشکردنی چەندین بڕگەی جیاواز، خەڵات بەو کەسانەش دەدرێ کە زۆرترین جار کۆمێنت بۆ پۆستەکانی رووداو دەکەن و دەنووسن: "پاشیڤی رووداو".
لە کۆتایی بەرنامەکەدا تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو و ئەمجارە خەڵاتەکە کە ئایپادێک بوو، بۆ هاونیشتمانییەک دەرچوو کە ناوی لاپەڕەی فەیسبووکەکەی ''ئاودی. سی ئۆ'' بوو.
جیا لەو خەڵاتانەی کە لە هەر ئەڵقەیەکدا دەبەخشرێن، لە دوایین رۆژی رەمەزاندا بە تیروپشک سێ ئۆتۆمبێلیش دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە لە کۆمێنت دەنووسن پاشیڤی روودا