بوومەلەرزەیەک لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانی ئەمڕۆ هەینی بوومەلەرزەیەک لە سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان روویدا و بەشێکی هاونیشتمانیان لە گەرمیان، خانەقین و سنووری کرماشان هەستیانپێکرد.
 
چەقی بوومەلەرزەکە دەروازەی خوسرەوی بووە لە سنووری قەزای خانەقین. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی بە رووداوی گوت: "گوڕی بوومەلەرزەکە 4.6 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و قوڵاییەکەی 10 کیلۆمەتر بووە".
 
لە دیوی باشووری کوردستانەوە هاووڵاتییانی قەزای خانەقین و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە قەسری شیرین و سەرپێڵ زەهاو لە سنووری کرماشان هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.
 
بەگوێرەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، مانگی رابردوو 52 بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.