سانای مام یوسف: لە دادگە بێتاوانی خۆم بۆ هەمووان دەسەلمێنم

رووداو دیجیتاڵ
 
سانای مام یوسف، دوای ئازادکردنی لە زیندان بە دەستەبەری، رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە" بێتاوانی خۆی بۆ هەموو هەڵەبجەییەکان و خەڵکی کوردستان دەسەلمێنێت. هەروەها باس لە زیندانەکەی دەکات و دەڵێت بە تەنیا لە ژوورێکدا بووە.
 
سانای مام یوسف، کچە مۆدێلی کورد، دوای دەستگیرکردنی لەسەر سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە قوربانیانی هەڵەبجە، رۆژی یەکشەممە 27-3-2022 بە کەفالەت ئازادکرا.
 
رۆژی یەکشەممە 27-3-2022، سانای مام یوسف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرکەسێک دوێنێ گوتبێتی ئازادکراوم ناڕاستە، بەڵکو ئەمڕۆ لە زیندان ئازاد بووم". سانای مام یوسف دەڵێت، لە زینداندا بە تەنیا لە ژوورێکدا بووە و زۆر بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
 
سەبارەت بەو تۆمارە دەنگییەی بڵاوبووەوە و لەسەری دەستگیرکرا، سانای مام یوسف وردەکارییەکەی باسکرد و گوتی: "من دووکانی جلوبەرگم هەیە، حەوت گەنج سووکایەتی نەما پێم نەکەن، هەرچی قسەی نەشیاوە پێیانگوتم، بە دایک و باوکیشم، دەشیانگوت ئێمە هەڵەبجەیین و سەیارەکەت دەبینین لای دووکانەکەتدا وەستاندووتە، وادەکەین و وادەکەین، من هەر بلۆکم دەکردن ئەوان بەردەوام بوون لە سووکایەتی، منیش بۆ دوایینجار بلۆکم کردن، مۆبایلەکەم گرێدابووە دەنگی بڵندگۆی دوکانەکەمەوە و میوزیکێکی لەسەربوو، دواتر بیرم چووبوو لای ببەم، تەلەفۆنیان کرد سووکایەتییەکی زۆریان کرد، زۆر شەرمم کرد کە چەند ئافرەتێکی کڕیار لە دووکانەکەمدابوون و گوێیان لێبوو، هەربۆیە ئەو قسانەم کرد بەڕاستی گوشاری زۆر زۆری دەروونیم لەسەربوو".
 
ئەو کچە مۆدێلە زیاتر گوتی: "کاتێک هەندێک وشەی نەشیاو دەڵێم مەبەستم ئەو حەوت کەسەیە نەوەکو هەڵەبجە، من جارێکی دیکە داوای لێبووردن لە هەموو هەڵەبجەییەکان و خەڵکی کوردستان دەکەم، رێز بۆ هەموو قوربانییەکان دادەنێم و هەرگیز مەبەستی بێڕێزیم نەبووە بۆیان".
 
سانای مام یوسف ئاشکرای کرد، ئەویش لە رۆژانی داهاتوودا سکاڵا دژی ئەو گەنجانە لە دادگەی سلێمانی تۆمار دەکات و وەکو خۆی دەڵێت، دەنگی کەسێکیانی تۆمارکردووە، کە چەندە "سووکایەتی" بە خۆی و دایک و باوکی دەکات.
 
سانای مام یوسف گوتی: "حەزدەکەم لە رێگەی رووداوەوە داوای لێبووردن لە هەمووان بکەم، هەڵەبجەم بۆ گرنگە، بەڵام هەموو کوردستانیشم بۆ گرنگە، کە دڵنیایی بدەمە هەمووی، دەبینن بێتاوانی خۆم دەسەلمێنم کە بۆچی ئەو هەڵەیەم کردووە و مەبەستیشم سووکایەتی نەبووە".
 
رۆژی دووشەممە 21-3-2022، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان نیگەرانن کە یاسایەک نییە بۆ رێگری لە سووکایەتیکردن بە قوربانیان و گوتی: "وەکو نوێنەری فەرمیی قوربانیانی هەڵەبجە سکاڵای یاسایی دژی هەر کەسێک تۆمار دەکەین، کە سووکایەتی بە قوربانیان و کەسوکاریان بکات".
 
لە تۆمارە دەنگییەکەدا کە بەهۆیەوە سکاڵای دژ تۆمار کرا، سانای مام یوسف دەڵێت: "هەڵەبجەیی......، بەس سەدام باشی دەیناسین ترش و خوێی کردن، ئەو دەستەی خۆشبێت."
 
سەبارەت بەو تۆمارە، رۆژی 21ی ئادار و چەند کاژێرێک بەر لەدەستگیرکردنی، سانای مام یوسف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو قسانە زۆرن و ئەو کەسە بۆ دژایەتیکردنی من ئەو بەشەی بڵاوکردووەتەوە، کە بەڕادەیەکی زۆر تووڕەی کردبووم، هەڕەشەی کوشتنی لێکردم و بەناوی هەڵەبجەییەوە قسەی نەشیاوی هێندە پێگوتم هیچ دایک و خوشکێکی هەڵەبجەییش قبوڵی ناکەن".
 
هەر ئەو کات و پێش دەستگیردنی سانای مام یوسف داوای لێبووردنی لە هەڵەبجەییەکان کرد، بەڵام داوای لێبووردنەکە نەبووە هۆی کشانەوەی سکاڵاکە لەدژی.