قایمقامی هەولێر: ئاگرەکەی بازاڕی سوورچیان تەنیا زیانی مادی هەبووە

رووداو - هەولێر

نزیکەی کاژێر 3:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ئاگر لە بازاڕی سوورچیانی شاری هەولێر کەوتەوە. قایمقامی هەولێریش دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئەوەی هەبووە زیانی مادی بووە. بەرگریی شارستانیی هەولێریش دەڵێت، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 27-03-2023 دەوروبەری کاژێر 3:30ی خولەک، ئاگر لە بازاڕی سوورچیانی شاری هەولێر کەوتەوە. 
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئەوەی هەیە زیانی مادییە و نزیکەی 10 شوێن سووتاون، بەڵام زیاتر ئەوانەن کە کەپرن و کەلوپەلی دەستی دوو دەفرۆشن.
 
بازاڕی سوورچیان دەکەوێتە شاری هەولێر و زیاتر تایبەتە بەکڕین و فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانەی کە بەکارهاتوون و پێیان دەڵێن، دەستی دوو.
 
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە هەولێر گوتی، بەپێی بەرگریی شارستانی هەولێر، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
  
نەبەز فەرهاد، یەکێک لەو کاسبکارانەی کە شوێنەکەی سووتاوە بە رووداوی گوت: "دەوروبەری کاژێر 4:00ی بەیانی ئەمڕۆ پەیوەندییان پێوەکردم و گوتیان بەهۆی شۆرتی کارەباوە 13  دووکان ئاگریان گرتووە. بەشێک لە دووکانەکان قەنەفەیان تێدا بووە بە 30 وەرەقە و سووتاون."