بەرپرسێکی یەکێتی: چارەسەرکردنی کێشەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی لایەنەکان تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی دەکەن، ئەگەر کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بوو، ئەو کاتە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا چاوەڕێ ناکەن و کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکەن. بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، چارەسەرکردنی کێشەی پۆستی پارێزگار دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان.
تاوەکو ئێستا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی لایەنەکانی کەرکووک کردووە.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرەی یەکگرتووی تورکمانی، رۆژی چوارشەممە 27ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بەرەوپێشچوون لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەی پۆستی پارێزگای کەرکووک نییە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک کۆببێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و رێکخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە."
بە گوتەی ئەحمەد رەمزی، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی سوودانی دەکەن، بەڵام ئەگەر ئەنجامی نەبوو، ئەوا ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نایانەوێت چیدیکە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەم شێوە بمێنێتەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە دەکەن و دەست بە کارەکانیان دەکەن.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە کە 7 کورد، 6 عەرەب، 2 تورکمان و کۆتای کریستیان.
تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان، ئەنجوومەنەکە نەیتوانیوە کۆبێتەوە و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگر و پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێرێت.
هاوکات رۆژی 27ی ئاداری 2024 عەلی قەڵایی، سەرپەرشتیاری بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک – سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا پێشکەوتنی ئەوتۆ لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بەدی نەهاتووە و رایگەیاند، چارەسەکردنی کێشەی پۆستەی پارێزگای کەرکووک دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان.
رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەرێوەچوو. تائێستا تەنیا پۆستی پارێزگاری کەرکووک و دیالە ماوە یەکلایی بکرێنەوە.