یەکێتیی زانایان: بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن شەممە چاودێریی مانگ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک لە زاری پێشبینیکارانەوە بڵاوبووەتەوە، گوایە رۆژی یەکشەممە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، بەڵام گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، ئێوارەی شەممە چاودێریی بینینی مانگ دەکرێت.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی لەبارەی دیاریکردنی رۆژی جەژنەوە بڵاوکراوەتەوە هیچ بنەمایەکی زانستی و شەرعی نییە و پێشبینیی خەڵک خۆیەتی".
شێرکاوەیی گوتی، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە رێگەی لیژنەی باڵای بینینی مانگەوە بڕیار لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەدات، ئەویش پشتبەستوو بە بنەما شەریعییەکانی ئایینی ئیسلام.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێوارەی رۆژی شەممە 29ـی ئەم مانگە، لیژنەی بینینی مانگ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن و دواتر وەزارەت بە فەرمی رۆژی جەژن رادەگەیێنێت، کە یەکشەممە دەبێت یان رەمەزان 30 رۆژ دەبێت و دووشەممە دەبێتە جەژن".
ئەم ساڵ دوای بڕیاری لیژنەی باڵای بینینی مانگ، 01ـی ئادار کرایە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.
پار، لە هەرێمی کوردستان 10ـی نیسان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بوو.