راوێژکارێکی فڕۆکەوانیی عێراق: فڕۆکەی نێو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەغدا زیانیان بەرنەکەوتووە

رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەوانێک کە هاوکات راوێژکاری فڕۆکەوانییە لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی ئاسمانی بۆ عێراق؛ ئاماژە بەوەش دەکات، فڕۆکەکانی نێو فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر سەلامەتن.
 
هێمن حارس مێرگەسۆری، فڕۆکەوان و راوێژکاری فڕۆکەوانی لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ هەینی میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە داخرانی ئاسمانی عێراق و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان کرد. 
 
هێمن مێرگەسۆری گوتی: "ئەو بەشەی کە فڕۆکەی ئێمەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا تێدایە، سەلامەت بووە. هیچ کێشەیەک بۆ شوێنی مانەوەی گەشتیار و فڕۆکەکان دروست نەبووە".
 
لەبارەی ئەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتەسەر، راوێژکارەکەی فڕۆکەوانیی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، ئەوەی هەبووە بۆسەر ئەو شوێنانە بووە "سەربازین و سەر بە ڤیکتۆریان".
 
لەبارەی پاراستنی فڕۆکەکانی عێراق لە فڕۆکەخانەکانیش هێمن مێرگەسۆری گوتی: "لە هەموو وڵاتێک لە رووی ئەمنییەوە پڕۆتۆکۆڵی تایبەت هەیە، ئێمەش بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایەی دڵنیایی پێشکێشی عێراق دەکات ئاسوودە بکەین، پڕۆتۆکۆڵی تایبەتمان هەبووە. رێگەی تایبەت گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا هەن پارێزراو بن".
 
ئەو فڕۆکەوانە کوردەی فڕۆکەوانیی عێراق دەڵێت: "دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بەردەوام کاردەکات بۆ ئەوەی رێڕەوێکی مرۆیی [ئاسمانی] بکاتەوە. لەوانەیە بتوانین هەندێک فڕۆکەخانەش بەم زووانە دەست بە کار بکەنەوە".
 
هەشت فڕۆکەی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە. هێمن مێرگەسۆری گوتی: "ئێستا لە دەرەوە وەستاون، بەڵام چاوەڕێن ئەگەر رێڕەوێکی مرۆیی بدرۆزرێتەوە، بە زووترین کات لەگەڵ دەستەی تیمی فڕۆکەوانی دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە".
 
بە گوتەی هێمن مێرگەسۆری، وەستانی فڕۆکەکان و جووڵەنەکردنیان جگە لە زیان بۆ گەشت و فڕۆکەخانەکان، زیانی بۆ فڕۆکەکانیش هەیە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "وەستان کاریگەری نەرێنی بۆ بزوێنەری فڕۆکە دەبێ، چونکە تاوەکو زیاتر کار بکات سوودی زیاتر دەبێ بۆ بزوێنەرەکەی. بەڵام بۆ ئەم دۆخە زووە، چونکە زیان کاتێک دەستپێدەکات لە شەش مانگ سەرووتر بوەستێت".
 
هێڵی ئاسمانیی عێراق 30 فڕۆکەی هەیە و لەو ژمارەیە 25یان لەکاردان. هێمن مێرگەسۆری دەڵێت: "فڕۆکەکانمان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا و نەجەفن و هەشت دانەشیان لە دەرەوەی وڵاتن".
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی فڕۆکەوانیی عێراق، بەهۆی جەنگ و بۆردوومانەوە "هیچ گورزێک" بەر فڕۆکەی نێو فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر نەکەوتووە.
 
گەشتەکانی عێراق بەشێوەی راستەوخۆ لەکاتی ئاساییدا بۆ ئەم وڵاتانەن: تورکیا، سعودیە، میسر، ئیمارات، رووسیا، چین، ئازەربایجان، مالیزیا. مێرگەسۆری گوتی: "هەندێک جار گەشتی تایبەتیش بۆ وڵاتانی دیکە دەبێت".
 
ئێستا وڵاتانی ئەورووپا رەتی دەکەنەوە رێگە بە گەشتی فڕۆکەی هێڵی فڕۆکەوانیی ئاسمانیی عێراق بدەن. هێمن مێرگەسۆری گوتی: "کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، پەیوەندی بە شەڕەوە نییە، لەو ساڵەوە ناتوانرێ فڕۆکەی نەفەرهەڵگری عێراقی بۆ ئەورووپا بفڕێ. هەوڵێکی زۆر دراوە دووبارە گەشتی ئەورووپا دەستپێبکاتەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەنجامەکەی دیار دەبێت".
 
200 بۆ 250 فڕۆکەوانی عێراقیی هەن، لەو ژمارەیە شەش بۆ حەوت فڕۆکەوانی کورد هەن، یەکێک لەوانە هێمن مێرگەسۆرییە.