وەزیری خوێندنی باڵا بۆ رووداو: دۆخەکە بە جۆرێک نییە پەنا ببەینە بەر خوێندنی ئۆنلاین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، خوێندنی ئۆنلاین لای ئەوان "دوایین بژاردەیە" و بەهۆی نەبوونی ژێرخانی پێویست وەک کارەبا و ئینتەرنێت و ئامێری زیرەک لای سەرجەم خوێندکاران، نایانەوێ پەنای بۆ ببەن، ئەگەر لە دۆخی ناچاریی تەواودا نەبێ.
رۆژی هەینی، 27ی ئاداری 2026، ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، ستراتیژی ئێستای ئەوان بریتییە لە پێشخستنی وانە "کردەییەکان" لەنێو زانکۆ و پەیمانگەکان، تاوەکو لە کاتی هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا تەنیا وانە "تیۆرییەکان" بۆ خوێندنی ئۆنلاین بمێننەوە.
وەزیری خوێندنی باڵا کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەرکی ئەوان "دروستکردنی پسپۆڕی لێهاتووە بۆ ئایندەی وڵات"، و کواڵیتی خوێندن هێڵی سوورە و پڕۆگرامی خوێندن بەهیچ شێوەیەک کورت ناکرێتەوە.
سەبارەت بەو خوێندکارانەش کە لە ئێران دەخوێنن، ئارام محەممەد دڵنیایی دا کە وەزارەتەکەیان بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکات و رێگە نادەن ژیانی هیچ خوێندکارێک بکەوێتە مەترسییەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و وەزیری خوێندنی باڵا:
رووداو: جەنابی وەزیر، ئایا بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندن هەندێک کتوپڕ نەبوو؟ ئایا خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان دەتوانن لەو ماوەیەدا بگەڕێنەوە بۆ خوێندن؟
ئارام محەممەد: ئێمە هەر لە رۆژی راگەیاندنی پشووەکانەوە چ لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، چ لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، بە بەردەوامی لە کۆبوونەوەین و بەدواداچوونمان بۆ هەموو دۆخەکانمان کردووە، هەموو ئەگەرەکانمان لێکداوەتەوە، هەموو ئەو توانایەشمان کە بتوانین دابینی بکەین قسەمان لەسەر کردووە و پێ بە پێ و قۆناخ بە قۆناخ هێناومانە تا گەیشتووینەتە ئێرە.
سەبارەت بە خوێندکاران و قوتابیانی ئازیز کە ئایا بڕیارەکە درەنگ بوو یان کتوپڕ بوو، ئێمە پێمان وایە جارێ کات ماوە. رۆژی شەممەش هێشتا دەتوانن سوود لەو کاتە ببینن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەشە ناوخۆییەکانی خۆیان. دۆخەکە وەک جەنابت دەزانی، ئەوسەری جارێ لە ئێمەوە دیار نییە، لە تونێلێکداین جارێ ئەوسەری زۆر دیار نییە. ئومێدمان وایە ئەو کاتەی لەبەردەستمانە بتوانین زۆرترین وەبەرهێنانی تێدا بکەین، زۆرترین سوودی لێ وەربگرین بۆ ئەوەی خودا نەکردە، نەکا کە سبەینێ رۆژەکەمان ناڕەحەتتر و قورستر بێت، بۆ ئەوەی بتوانین سوود لەوە ببینین و بەشێکی زۆری ساڵنامەی خوێندن رزگار بکەین.
ئومێدمان وایە دۆخەکە سرووشتی ببێتەوە و شەڕ و ماڵوێرانی لە ناوچەکە و لە سەرتاسەری جیهان دوور بکەوێتەوە و ئاشتی باڵ بکێشێ بەسەر ناوچەکەدا. بەڵام ئێمە دەبێت ئامادەکاری بکەین، واتە ئەگەر چاوەڕێ بکەین بۆ یەک دوو رۆژی دیکە، بۆ سێ چوار رۆژی دیکە، بە رای من، پێم وایە جۆرە کەمتەرخەمییەک دەکەین، چونکە مادەم ئەمڕۆمان لێوە دیارە، با ئەمڕۆ وەبەرهێنانی تێدا بکەین، کاری ئەمڕۆمان نەخەینە سبەینێ، بەڵکو ئومێدەوارین هەر پێویست بە هیچ شتێکی دیکە نەکات و دۆخەکە بە سرووشتیی خۆی بڕوات و ساڵنامەی زانکۆیی و ساڵنامەی خوێندنی ئێمە بە هەموو لایەک بە پەروەردە و بە ئێمە و هۆبەکانی بەشەکانی دۆخەکە بە ئاسایی بڕوات.
رووداو: ئێوەش وەک وەزارەتی پەروەردە بیرتان لەوە کردووەتەوە ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بێت، خوێندن بکەنە ئۆنلاین؟
ئارام محەممەد: دەمەوێ لەمەدا راشکاو بم لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ هەموو کەرتەکانی خوێندنی باڵا بە تایبەتی. من خۆم وەک رای کەسیی خۆم پێم وایە ئۆنلاین زیانێکی گەورەی هەیە، بە رای منیش جارێ دۆخی ئێمە وا نییە پەنا بۆ بژاردەی ئۆنلاین ببەین. بە رای خۆم ئۆنلاین دوایین بژاردە دەبێت کە بیری لێبکەینەوە، دوایین بژاردەیەک دەبێت کە پەنای بۆ ببەین. کەسوکاری خوێندکاران، خوێندکاران خۆیان، مامۆستا بەڕێزەکان، زانکۆکان، هەموو ناوەندە جیاواز جیاوازەکان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئێمە بۆچوونی ئەوانمان وەرگرتووە و بۆچوونیان دەزانین کە لەم دۆخەدا لەگەڵ خوێندنی ئۆنلاین نین.
کاتی خۆی لە کۆرۆنا ئێمە ناچار بووین پەنا بۆ ئۆنلاین ببەین، واتە لەنێوان خراپ و خراپتریندا، خراپمان هەڵبژارد. هەموو خوێندکارێک مۆبایلی زیرەکی پێ نییە، دۆخی ئینتەرنێت و کارەبا و ناوچە دوورەدەستەکان وەک یەک نییە. واتە کۆمەڵێک فاکتەر کە کەس رێگە رەنگە نەدات، ئەو هەرەشە و مەترسییانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، لە دۆخەکەدا هەن، رەنگە دیسان هاوکار نەبن بۆ ئەوەی ئەوە بکەین. خودا نەکات ئەگەر هیچ دەرچە و ئاسۆیەک نەما، ئەوە وەک گوتم، وەک دوایین بژاردە بیری لێ دەکەینەوە، ئینشاڵڵا پێویستمان بەوە نابێت.
رووداو: زانکۆ و پەیمانگەکان چەند رۆژیان لە خوێندن لەدەستچووە و چۆن قەرەبووی ئەو رۆژانە دەکرێتەوە؟
ئارام محەممەد: ئێمە ساڵنامەی زانکۆییمان هەیە، تاوەکو ئێستا بەپێی ئەو ساڵنامەیەی کە هەمانە و ئەو ساڵنامەیەی کە هەمانە لە زانکۆکاندا دامانناوە، نەچووەتە نێو هێڵی سوورەوە، هەمووی لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵدایە، هیچ کێشەیەک رووینەداوە تاوەکو ئێستا. گرنگ ئەوەیە ئێمە دەسەڵاتمان داوە بە هەموو سەرۆک زانکۆکانمان بۆ هەر دۆخێک کە هاتە پێش، ئەوان دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە دەستکاری ساڵنامەکەیان بکەن. بەڵام مادام دۆخەکە بەو جۆرەیە کە کەمێک ئارامی هاتووە، ئێمە هەوڵدەدەین وانە کردەییەکان پێشبخەین، کاتی زۆرتر بدەینە وانە کردەییەکان، بۆ ئەوەی ئەگەر سبەی رۆژ خودا نەکات و ناچار بووین ئۆنلاین بکەین، ئۆنلاین تەنیا تیۆرییەکان بگرێتەوە.
جەنابت دەزانی کار و پسپۆڕیی وەزارەتی خوێندنی باڵا دروستکردنی پسپۆڕییە، جیاوازی زۆر زۆر لە زۆر رەهەند و رووەوە لە وەزارەتی بەڕێزی پەروەردە هەیە. ئێمە تایبەتمەندی خۆمانمان هەیە. بۆ ئەوەی نەکەوینە هەڵەوە تاوەکو کاتەکە هەیە، دەمانەوێ سوودی لێ وەربگرین، ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەڕێز و بڕیارەکەمان، دیسان ئێمە کۆبوونەوەمان کردووە و رێکاری خۆمان و رێنمایی خۆمان تاوتوێکردووە و بە بەردەوامی لە گفتوگۆداین. دوای ئێستاش لەناو ئەو گفتوگۆیانەدا دەبمەوە لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین بەشێکی زۆری کاتەکە وەبەرهێنانی تێدا بکەین ئەگەر دۆخێکی دیکە هاتە پێشەوە ئێمە پێویستمان بەوە نەبێت کێشەمان بۆ دروست بکات.
رووداو: واتە پێویست ناکات ساڵنامەی خوێندن درێژ بکەنەوە؟
ئارام محەممەد: تاوەکو ئەم خولەکە قسەی تێدا ناکرێ، بەڵام پێویستمان بەوە هەیە ئاگامان لە کواڵیتی خوێندن بێت، چونکە جەنابت دەزانی ئێمە دکتۆر دروست دەکەین، پزیشک و ئەندازیار و دەرمانساز و ددانساز، ئەمانە پێویستیان بەوەیە ئەو پسپۆڕییەی کە پێویستە وەریبگرن دەبێ وەری بگرن. ئینجا بۆیە رەنگە پێشینە بدەینە وانە کردەییەکان.
رووداو: بژاردەی کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن لە ئارادایە؟
ئارام محەممەد: نەخێر، پرۆگرامی خوێندن کورت ناکرێتەوە، لای ئێمە بژاردەی پرۆگرام کورتکردنەوە نییە. واتە وەک وەزارەتی پەروەردەی بەڕێز نییە، ئەوان دەتوانن ئەوە بکەن، لای ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین، چونکە پرۆگرامی پۆلی شەشی پزیشکی کورت بکەیتەوە دەبێ چی تەرک بکەیت؟ چی نەخوێنێت؟ چونکە وەک گوتم ئێمە پسپۆڕ دروست دەکەین بۆ ئایندەی وڵاتی خۆمان، لە هەموو بوارەکاندا بەم شێوەیەیە.
رووداو: لەبارەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ئەو خوێندکارانەی لە ئێران دەخوێنن، ئەگەر دۆخەکە ئاسایی نەبووەوە پلانی دووەمتان چییە بۆیان؟
ئارام محەممەد: نامەوێ پێش رووداوەکان بکەوم، ئێمە چاودێریی دۆخەکە دەکەین، لەناو رووداوەکانین، بە تەنیا بەجێیان ناهێڵین، کارێک ناکەین گیانیان بکەوێتە مەترسییەوە. سەیری دۆخەکە دەکەین، ئەگەر دۆخەکە ئاسایی بوو ئەو کاتە ئێمەش بڕیارێکی دیکە دەدەین، خودا نەکات خراپیش بوو بێگومان دیسان کۆمەڵێک بژاردەی دیکە لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی گیانی ئەو ئازیزانەمان نەکەوێتە مەترسییەوە.
رووداو: ئەی خوێندکارانی پێداگۆجی؟
ئارام محەممەد: پێداگۆجی خۆی یەکێک لە پایە هەرە سەرەکییەکانی بابەتی تەکنەلۆژیایە، ئێمە دەتوانین، هیچ کێشەیەکمان نییە، بەڵام خۆیان کە بۆچوونمان وەرگرتوون لە سەنتەرەکان، پێش ئەوەی بێمە نێو کۆبوونەوەکەش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری ناو وەزارەت و فەرمانگەی توێژینەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا قسەمان کرد کە چاودێریی کاروباری پێداگۆجییەکان بکەن. بۆچوونیان وایە کە پێداگۆجیش وەک هەموو خوێندکارەکانی دیکە، وەک هەموو وانەکانی دیکە، وەک هەموو کۆلێژەکانی دیکە، بێنەوە نێو سەنتەرەکان، هەر کوێ پێویستی کرد دەسەڵات دەدرێ بە سەنتەرەکان خۆیان لەگەڵ واقیعەکەدا بیگونجێنن.