سەرۆکی شارەوانی: هاتووچۆ لە هەولێر ئاسایی بووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

درەنگی شەوی رابردوو بەهۆی بارانی بەخووڕەوە، ئاستیی ئاو لە چەند ناوچەیەکی سنووری هەولێر بەرزبووەوە. سەرۆکی شارەوانی دەڵێت، دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و زیانی گیانی نەبووە.
 
شەوی پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، باراناو لەم شەقامانە بەرزبووەتەوە و بۆ کاری پێویست نەبێ مەیەنە دەرەوە: شەقامی 100 مەتریی نزیک فامیلی مۆڵ -  شەقامی شۆڕش، بەرزە پردی شۆڕش - شەقامی 40 مەتریی بازاڕی لەنگە - رێگای دارەتوو - بنەسڵاوە، ئاوێنەی شار- پردی بنەسڵاوە، شەقامی لاوان - شەقامی 60 مەتریی نزیک یاریگای شەهید فرانسۆ هەریری، - شەقامی گەڕەكی رۆشنبیری – دارەتوو.
 
ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەنتەری شاری هەولێر هەندێک لە پردەکان کێشەیان هەبوو، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر کۆڕنیش هەن، بۆیە بە شێوەیەکی کاتیی داخران".
 
سەرۆکی شارەوانی گوتیشی: "رێگەکان دوای نزمبوونەوەی ئاستی ئاو کرانەوە و لە هیچ گەڕەکێکیش  زیانی گیانی نەبووە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە 12 کاژێری رۆژی پێنجشەممەدا، لە شاری هەولێر 48.8 ملیمەتر باران باریوە.