خوێندنی باڵا کاتی مانەوەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە ئێران درێژ دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کاتی مانەوەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان کە لە ئێران دەخوێنن تاوەکو 15ـی نیسان درێژکرایەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: "هیچ خوێندکارێک نەماوە لە ئێران گیری خواردبێ و هەموویان گەڕاونەتەوە".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دووەم جارە کاتی مانەوەیان درێژ دەکرێتەوە، ئەویش بە هۆکاری دۆخی جەنگ و بۆ پاراستنی ژیانی خوێندکارانە".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیشی: "بە فەرمانی وەزیر، مانەوەی خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان و نەگەڕانەوەیان، لەکاتی هاوتاکردندا بە ئامادەبوو بۆیان هەژمار دەکرێت".
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، هەموو خوێندکارانی هەرێمی کوردستان کە لە ئێران دەخوێنن گەڕاونەتەوە و هیچ کەسێک لەو وڵاتە گیری خواردووە، چونکە سنوور کراوە بووە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە: بەهۆی بەردەوامیی بارودۆخی شەڕ و ناسەقامگیری ناوچەکە، لە پێناو پاراستنی گیانی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخوێنن، بە بڕیاری د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاردرا بە:
1- درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان لە 28-03-2026 بۆ 15-04-2026.
2- لە دوای ئەم رێککەوتە، وەزارەت جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و بڕیار و رێنمایی گونجاو دەردەکات.
3- ئەو ماوەیەیان بە مانەوە بۆ هەژمار دەکرێت و دواتر کێشەی یەکسانکردنی بڕوانامەیان نابێت.