رووداو پێشنیازەکانی دەستپێکردنەوەی خوێندن ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لە دەستپێکردنەوەی خوێندن. هەروەها خوێندنی ئۆنڵاین بە گونجاو نازانێت و دۆخەکە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام بە لەبار دەزانێت.
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ لەگەڵ سەرۆکی زانکۆکان کۆبوونەتەوە بۆ چۆنێتی دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆکان بەگوێرەی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە.
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز وەزیری پەروەردە کۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەسەر چۆنێتیی دەستپێکردنەوەی خوێندن دەکەین، بە رەچاوکردنی دۆخی ناوچەکە و هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی روودەدەن".
سێ بژارە لەبەردەم هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە هەن، یەکەمیان دەستپێکردنەوەی دەوامە، دووەم درێژکردنەوەی پشوو، هەروەها خوێندن بە ئۆنڵاین.
د. ئارام محەممەد گوتی: "من بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ خوێندنی ئۆنڵاین نیم، چونکە ژێرخانی پێویست بۆ ئەوە لە هەرێمی کوردستان نییە، بژارەکانیشمان زۆر نین و کاتیشمان کەم ماوە، دەبێت تاوەکو سبەی یەکلا ببینەوە".
وەزیری خوێندنی باڵا گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ ئەنجامی کۆبوونەوەکەمان بە رەچاوکردنی باردۆخی هەردوو وەزارەت دەدەینە ئەنجوومەنی وەزیران، دوای وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی بەڕێز ئومێد سەباح گفتوگۆیەکی دیکە دەکەین بۆ بڕیاردان".
لەبارەی پێشنیازی خۆیەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "ئەو گۆشەیەی لە ئێمەوە دیارە دۆخەکە تاڕادەیەک ئاساییە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، بەڵام رەنگە هەموو گۆشەکان لە ئێمەوە دیار نەبن، لەکۆتایی دا هەر بڕیارێک بدەین لە بەرژەوەندیی خوێندکاران دەبێت".
کۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتەکە بۆ بڕیاردان لە دەستپێکردنەوەی یان درێژکردنەوەی وەستاندنی خوێندن ئەمڕۆ نزیک کاژێر 03:30ـی ئێوارە دەستپێدەکات.
لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیراوە، دوایینجار حکومەت بڕیاری دا تاوەکو 29ی ئەم مانگە لە سەرجەم فەرمانگەکان و ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمی دەبێت.