کشتوکاڵی دهۆک: 80٪ـی بەرهەمی جووتیارانی سێمێل بۆ ئەمساڵ نادوورێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا حەمەد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی دهۆکە و 40 ساڵە کاری جووتیاری دەکات و دەڵێت، ئەوە دوو ساڵە بەهۆی کەمی رێژەی بارانبارین نزیکەی 100 ملیۆن دینار زیانی کردووە، هەروەها دەشڵێت، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا لەکۆی 20 هەزار دۆنم زەوی داچێنراو بە گەنم، تەنیا یەک گوڵە گەنمیشی نەدووریوەتەوە. کەشناسیی دهۆکیش دەڵێت، "لە 47 ساڵی رابردوودا ئەمساڵ کەمترین باران باریوە."
عەبدوڵڵا حەمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمە دوو ساڵە وشکەساڵییە و دۆخەکە خراپە، 100٪ بەرهەمەکانمان نادوورینەوە، هەروەکو دەیبینن بەرهەمەکان چۆنن، پار و ئەمساڵ 20 هەزار دۆنم زەویم چاندووە و یەک دانە گوڵە گەنمیشم نەبردووەتەوە، هەروەها پارەی 2014 - 2015 - 2016 مان لای حکومەتی عێراق ماوە، هیوادارین حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکارییمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین ساڵی داهاتوو کشتوکاڵ بەردەوامی پێبدەین."
شارەزایانی جیۆلۆجی باس لەوە دەکەن، دوو ساڵی لەسەر یەک وشکەساڵی و گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە، نەک تەنیا زیانی بە کشتوکاڵ گەیاندووە، بەڵکو ژیان لەو شوێنانەش ئەستەم دەبێت کە پشت بە ئاوی سەر زەوی و باران دەبەستن.
رەمەزان حەمزە، شارەزای جیۆلۆجی دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی وشکەساڵی ئەوەیە کە هەرچەند لەسەر یەک دووبارە ببێتەوە، کاریگەریی خراپ لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیان دروست دەکات کە دیارترینیان کشتوکاڵ، ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوییە، ئەگەر خوا نەکات ساڵی داهاتووش وشکەساڵی بێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئابووریی کۆمەڵگە دروست دەکات."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک پێشنیازی داوەتە وەزارەتی پەیوەندیدار و کارگێڕی پارێزگای دهۆک بۆ چۆنێتیی دەرباز بوون لەو کێشەیەی کە جووتیاران رووبەڕووی بوونەتەوە، چونکە ئەوان دەزانن 80٪ـی بەرهەمی جووتیارانی سێمێل بۆ ئەمساڵ نادوورێتەوە.
موسلیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی، "لە راپۆرتی خۆماندا نزیکەی 16 خاڵمان نووسیوە و پێشنیازمان کردووە کە رێگەی یەدەگ دابنرێ بۆ ئاودانی ئەو زەوییانەی کە تەنیا پشت بە باران دەبەستن، بە تایبەت ئەو زەوییانەی کە دەکەونە نزیک رووبارەکان بە ئامێری تایبەت ئاو بدرێن."
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی دهۆک، کەمترین رێژەی بارنبارین لە ماوەی 47 ساڵی رابردوو، ئەمساڵ تۆمار کراوە کە تەنیا 176 ملیم بارانە.