بودجەی بەرگری و ئاسایشی عێراق 0.2%ی بۆ پێشمەرگەیە؛ 'لە پێداویستیی سەربازی سوودمەند نەبووین'

 
رووداو - هەولێر

مانگانە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ خەرجی و مووچە پێویستی بە 333 ملیار دینارە، بەڵام لە رەشنووسی بودجەی عێراقدا تەنیا 5 ملیار و 20 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە. وەزارەتەکە گلەییان هەیە و پێیانوایە ئەو بڕە پارەیە بەشی تێچووی خەرجیی رۆژانەشیان ناکات، چ بگات بە مووچەی مانگانەیان.
 
عوسمان محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "چاوەڕێمان دەکرد ئەمساڵ بەشی پێشمەرگە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا ژمارەیەکی زیاتر و بەرچاوتر بێت، چونکە ئەوان بڕە پارەیەکیان بۆ مووچە و بەشێکیشیان بۆ پێداویستی و کڕینی کەلوپەل داناوە، کەچی تاوەکو ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لە هەرچیی پێداویستیی سەربازیی عێراقە سوودمەند نەبووە لە وەزارەتی بەرگریی عێراقی."
 
بودجەى بەرگریى و ئاسایشى عێراق 29 تریلیۆن و 84 ملیار و 514 ملیۆن و 292 هەزار دینارە؛ دەستەى حەشدی شەعبى 3 تریلیۆن و 743 ملیار و 703 ملیۆن و 290 هەزار دیناری بۆ دانراوە و پشکی پێشمەرگەش 60 ملیار و 248 هەزار و 820 هەزار دینارە، کە دەکاتە تەنیا 0.2%ى تێکراى بودجەى ئاسایش و بەرگریى عێراق.
 
نوێنەرانی کورد پێیانوایە ئەو پشکەی بۆ پێشمەرگە دانراوە، زۆر کەمە و هەوڵی زیادکردنی دەدەن.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەپێی ژمارەی دانیشتووان، بۆ هەر پارێزگایەک بودجەکە بۆ کەرتی سەربازی دانراوە، رەچاوی ژمارەی پارێزگاکان کراوە بۆ دانانی بودجەکان و بەڕاستیش زۆر کەمە، بەڵام بەهانەی ئەوان ئەوەیە."
 
ساڵانە خەرجی و مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە چوار تریلیۆن دینارە، زیاتر لە 60 ملیار دیناری لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگەی کراوەتەوە، هاوپەیمانان بڕی 264 ملیار دینار بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن، کۆی گشتی دەکاتە 324 ملیار دینار، کورتهێنان نزیکەی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار دەبێت.
 
لە ساڵى 2003وە حکومەتى عێراق پارەى بۆ پێشمەرگە نەناردووە، لە کاتێکدا ساڵانە بودجەکەی لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریدا جێی کراوەتەوە.