یەکەمین گۆمی دەستکرد لە هەڵەبجە بەهۆی ناڕەزایی گوندنشینانەوە کارەکانی راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەردی بناخە بۆ دروستکردنی یەکەم گۆمی دەستکرد لە هەڵەبجە دانراوە، بەڵام حکومەت و گوندنشینان تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن کە چۆن قەرەبووی ئەو زەوییانە بکرێتەوە کە بەر پڕۆژەکە دەکەون، بۆیە پڕۆژەکە راگیراوە و کاری تێدا ناکرێت.
زیاتر لە 12 دۆنم زەویی گوندنشینانی پریسی خواروو بەر پڕۆژەکە دەکەون، لە سەرەتای پڕۆژەکەوە خاوەن زەوییەکان داوای قەرەبوویان دەکرد، بەڵام ئەو قەرەبووەی بۆیان دیاریکراوە بە کەمی دەزانن.
کەمال مەحموود، دانیشتووی گوندی پریسی خواروو بە رووداوی گوت، "ئەگەر حکومەت 25 ملیۆن دیناری بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو زەوییەکان دانابێت، خەڵک هەیە 30 یان 35 ملیۆن دینارمان پێدەدات. لەگەڵ ئەمەشدا گۆمەدەستکردەکەمان دەوێت، بەڵام ئێمە نەبینە قوربانی و قەرەبووبکرێینەوە."
بەهۆی ئەوەی هاوینان گرفتی کەمئاوییان بۆ دروستدەبێت و ناتوانن وەک پێویست ئاژەڵەکانیان بەخێوبکەن، دانیشتووانی گوندەکە بوونی گۆمە دەستکردەکە بەپێویست دەزانن، بەڵام بەمەرجی قەرەبووکردنەوەیان.
سەرخێڵ ئیبراهیم، دانیشتووی گوندی پریسی خوارووە و باس لەوە دەکات، "بەهۆی بێ ئاوییەوە هاوینان وامان لێدێت، حەزناکەیت بە فڕۆکەش بەسەر گوندەکەدا بفڕیت، پێنج شەش دۆڵ دووردەکەوینەوە بۆئەوەی مەڕەکانمان ئاوبدەین، بۆیە داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبووی خەڵکەکە بکاتەوە، بۆئەوەی لەم بێ ئاوییە رزگارمانبێت."
پارێزگای هەڵەبجە بۆی دەرکەوتووە ئەو زەوییانە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام گوندنشینەکان ساڵانێکی درێژە لە باوانیانەوە لەو زەوییانە کاردەکەن، بۆیە بەهاوبەشیی پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی سلێمانی بڕی 25 ملیۆن دیناریان بۆ قەرەبووکردنەوەیان تەرخانکردن.
ئەشرەف حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی هەڵەبجە گوتی، "داوای قەرەبووی زیاتریان دەکرد، ئەوەش لەتوانای ئێمەدا نەبوو، بۆیە ئێمە بەردەوامین لە چارەسەری کێشەکە، ئەگەر کێشەکە چارەسەرکرا، دروستکردنەکەی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەرنا پێشنیازی ئەوەمان کردووە، گۆمەکە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە."
گۆمەکە توانای گلدانەوەی 107 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، کە پێویستبوو بەگوژمەی 825 ملیۆن دینار لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەست بە دروستکردنی بکرێت.