تەقینەوەیەک لە بۆکان دەبێتەهۆی مردنی کەسێک و برینداربوونی دووی دیکە

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی تەقینەوە لە بەنزینخانەیەک لە رێگەی بۆکان - سەقز لە پارێزگای ورمێ، کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
 
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ شەممە 26-04-2025 لە بەنزینخانەی حەیدەری لە رێگەی نێوان بۆکان - سەقز روویدا.
 
رەسووڵ مەعرووفی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بۆکان رایگەیاند: ''جگە لە زیانی مادی، سێ کارمەندی بەنزینخانەکە بریندار بوون و براونەتە نەخۆشخانە.''
 
بەگوتەی رەسووڵ مەعرووفی، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە.
 
هاوکات خەشایار سەنعەتی، قایمقامی بۆکان گوتی، پشکنەری تایبەت سەردانی بەنزینخانەکەی کردووە و دەرکەوتووە هۆکارەکە شۆرتی کارەبا بووە.
 
خەشایار سەنعەتی گوتی، کارمەندەکانی بەنزینخانەکە ویستوویانە کۆگەیەکی گازوایلی بەنزینخانەکە پاکبکەنەوە و لەو کاتەدا شۆرتی کارەبا دروستبووە و تەقینەوەکە روویداوە.